ئاواره‌كانی‌ خانه‌قین: حكومه‌تی‌ عێراق له‌ئێرانه‌وه‌ ئێمه‌ی‌ هێناوه‌ته‌وه‌‌و لێشمان ناپرسێته‌وه

xanaqen.gif
سایتی (ئاوێنە):

چه‌ندین خێزانی‌ ئاواره‌ی‌ كوردی‌ گه‌ڕاوه‌ی‌ ئێران، كه‌ ئێستا له‌خانه‌قین نیشته‌جێن، له‌حاڵ‌و گوزره‌رانیان بێزارن‌و داوا ده‌كه‌ن گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ربكرێت، به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ خانه‌قینیش ده‌ڵێن "ناتوانین هیچ هاوكارییه‌كی‌ ئه‌‌وخێزانانه‌ بكه‌ین". 

له‌ساڵی‌1975دا چه‌ندین هه‌زار خێزانی‌ كوردی‌ دانیشتووی‌ به‌غدادو مه‌نده‌لی‌‌و خانه‌قین‌و به‌عقوبه‌، به‌بیانووی‌ پاشكۆیه‌تییان بۆ ئێران (تابعیین للایرانیون) گواسترانه‌وه‌ بۆ ئێران، له‌وێش مافی‌ په‌ناهه‌نده‌ییان پێدرا، له‌ساڵی‌ 2009 وه‌فدێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق، سه‌ردانی‌ ئێرانی‌ كردو داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌ی‌ كرد، به‌ڵێنیشیدا له‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان شوێنی‌ نیشته‌جێبوون‌و كارو ناسنامه‌ی‌ عێراقیان پێبده‌ن، به‌ڵام له‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌و خێزانانه‌، له‌لایه‌ن خاچی‌ سوری‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ چه‌ند خێمه‌یه‌كیان پێدراوه‌‌و له‌گه‌ڕه‌كێكی‌ نیمچه‌ ئاوه‌دانی‌ خانه‌قین (گه‌ڕه‌كی‌ به‌ختیاری‌) نیشته‌جێكران، به‌ڵام جگه‌ له‌خێمه‌و كه‌لوپه‌لی‌ نوستن‌و سۆپا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان بۆ نه‌كراوه‌و مناڵه‌كانیشیان له‌خوێندن بێبه‌شن، له‌ئێستادا ئه‌و ئاوارانه‌ كه‌ ژماره‌یان 90 خێزانه‌، وه‌ك خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن "ئاوو كاره‌باو فۆڕمی‌ خۆراك‌و موچه‌و نه‌خۆشخانه‌یان نییه‌‌و بێكارن".

به‌خێوكه‌ری‌ یه‌كێك له‌و خێزانانه‌ كه‌ خاوه‌نی ‌9سه‌ر خێزانه‌، سه‌لاح محه‌مه‌د حه‌سه‌نه‌، ئه‌و به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ باسی‌ له‌ڕه‌وشی‌ ژیانی‌ رابردوویان كردو وتی‌ "ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كوردبوین‌و به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ ناوه‌كانمان ناوی‌ ئێرانییه‌ به‌بێ‌ ناسنامه‌ سه‌دام له‌1975دا له‌وڵات ده‌ریكردین‌و ئێران وه‌ری‌ گرتین، هه‌رچه‌نده‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبوون‌و كاریان بۆ دابینكردین، به‌ڵام نه‌ مناڵه‌كانمان مافی‌ خوێندنیان هه‌بوو، نه‌ ناسنامه‌شیان بۆ كردین، ئێستاش كه‌ گه‌ڕاوینه‌وه‌ داواكارین شوێنی‌ نیشته‌جێبوون‌و كارمان بۆ دابین بكه‌ن".

هه‌روه‌ها مه‌هدی‌ جومعه‌ محه‌مه‌د خاوه‌نی‌6 سه‌ر خێزانه‌و (به‌ده‌م گریانه‌وه‌) باس له‌خراپی‌ باری‌ ئابوری‌‌و بێكاری‌ خۆیان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "بێكارو بێ‌ خانوو بێ‌ موچه‌و ناسنامه‌و كۆبوونی‌ خۆراك‌و نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگا له‌م ده‌شته‌ چۆڵه‌ فڕێیان داوین‌و نانی‌ شه‌ومان نیه‌ بیخۆین، ده‌بێت ئێمه‌ گوناهمان چی‌ بێت، كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌ربه‌ده‌ر كراوین".

هه‌ندێ‌ له‌و خێزانانه‌، ته‌نانه‌ت خێمه‌شیان پێنه‌دراوه‌ تێیدا نیشته‌جێ‌ ببن، ئه‌حمه‌د فه‌ره‌ج عه‌سكه‌ر كه‌خاوه‌نی‌ 9 سه‌ر خێزانه‌و یه‌كێكه‌ له‌و خێزانانه‌ی‌ كه‌ بێ‌ به‌ش بووه‌ له‌وه‌رگرتنی‌ خێمه‌ی‌ خاچی‌ سوری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، ئه‌و وتی‌ "ئێمه‌ چه‌ند خێزانێك بووین له‌م دواییه‌دا گه‌ڕێنراینه‌وه‌، بۆیه‌ خێمه‌كه‌ی‌ خاچی‌ سوری‌ نێوده‌وڵه‌تیشمان به‌ر نه‌كه‌وت، له‌ئێستادا له‌دووری‌ گه‌ڕه‌كی‌ به‌ختیارییه‌وه‌ بیرێكی‌ ئیرتیوازی‌ هه‌یه‌، له‌و بیره‌دا نیشته‌جێ‌ بووین، بۆیه‌ داواكارین له‌به‌رپرسان خێمه‌یه‌كمان بده‌نێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیده‌ین به‌سه‌ر سه‌قفی‌ بیره‌كه‌دا".

ئه‌م پیاوه‌ بێ‌ئومێده‌ له‌به‌رپرسانی‌ حكومی‌، بۆیه‌ دوای‌ له‌كه‌سانی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات یارمه‌تییان بده‌ن‌و ده‌ڵێت "حكومه‌ت پشتگوێی‌ خستوین، بۆیه‌ داواكارین رێكخراوه‌كان‌و كه‌سانی‌ خێرخواز لایه‌كمان لێبكه‌نه‌وه‌و كه‌مێك له‌ئازاره‌كانمان كه‌م بكه‌نه‌وه‌".

د.سابیر جیهانگیر ئه‌ندامی‌ خاچی‌ سوری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌گه‌رمیان كه‌ دانیشتووی‌ خانه‌قینه‌ سه‌باره‌ت به‌هاوكاریكردنی‌ ئه‌م خێزانه‌ ئاوارانه‌ی‌ خانه‌قین رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان زیاد له‌80 خێمه‌و 90 سۆپاو 90 پێخه‌فی‌ خه‌وتن‌و بڕێك خۆراك‌و پێداویستی‌ چێشتلێنانیان پێشكه‌ش كردون، ئه‌و وتی‌ "ئیتر پێویسته‌ حكومه‌ته‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبوون‌و كارو ناسنامه‌و كۆبوونی‌ خۆراكیان بۆ دابین بكات".

له‌لای‌ خۆشیه‌وه‌، سه‌میر محه‌مه‌د نور سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌وانی‌ خانه‌قین وتی‌ "ئێمه‌ هیچ پاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستماندا نییه‌ بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ خه‌رج بكه‌ین، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م خێزانانه‌ خه‌ڵكی‌ خانه‌قین نین، به‌ڵكو كوردی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌نده‌لین ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مه‌نده‌لی‌ سوودیان بۆ كوردیش ده‌بێت بۆیه‌ پێمان باشه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان‌و له‌وێ‌ ژیانیان باشبكرێت".