ئاوات عه‌بدولغه‌فور، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەند كۆچی دوایی كرد

سایتی (PUKpb):awat abdwlxafwr

سەرلەبەیانی ٢٠١٥/٣/١١ دڵە گەورەكەی هەڤاڵ ئاوات عەبدولغەفور ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلێدان كەوت و بە یەكجاری ماڵئاوایی لێكردین. هەڤاڵ ئاوات لە ساڵی ١٩٤٧ لەشاری خانەقین لەدایك بووەو لە ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە كردووە لە ساڵی ١٩٦٣ لە كاتێكدا كە خوێندكاری پۆلی دووەمی ناوەندی بوو خۆی شەش لە هاوڕێیانی بە تۆمەتی ئەندامی یەكێتی قوتابیان لە لایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركراوون، لە ساڵی ١٩٧٠ بەشداری لە دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەران كردووەو لێپرسراوێتی رێكخستنی سلێمانی گرتە ئەستۆ، ساڵی ١٩٧٥ پاش ئاشكرابوونی بەشێك لەرێكخستنەكانی كۆمەڵەو دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری لە ئەندامان خۆی و ژمارەیەكی هەڤاڵی دیكە لە سنور پەڕینەوە بۆ ئێران، دەسەڵاتی ئێران ساڵی ١٩٧٦ هەڤاڵ ئاوات و خاڵە شەهاب و فەرەیدوون عەبدولقادرو شەهید جەعفەر عەبدولواحیدو عومەری سەید عەلی و هەڤاڵ عەلی بچكۆلیان رادەستی رژێمی عیراق كرد،

ساڵی ١٩٧٩ پاش دەرچوونی بڕیاری لێبوردنی گشتی ئازاد كرا بە چەند مانگێك دوای ئەمە پەیوەندی كرد بە هێزی پێشمەگەی كوردستانەوە، ساڵی ١٩٨٠ لە ئۆفیسی دیمەشقی پەیوەندییەكانی یەكێتی ئەركی لێپرسراوێتی پەیوەندییە كوردستانییەكانی پێسپێردرا وە ساڵی دواتر گەڕایەوە ناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان و بوو بە ئەندامی مەكتەبی رێكخستنی كۆمەڵەو بەرپرسی خولی كادیران، ساڵی ١٩٨٢ بوو بە ئەندامی مەڵبەندو بەرپرسی سیاسی مەڵبەندی دوو لە سەرگەڵو، ساڵی ١٩٨٥ دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ لەنێوان یەكێتی و بەعس بوو بە بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكان و تا ساڵی ١٩٨٩ بەردەوامبوو لەسەر جێبەجێكردنی ئەم ئەركەی، دواتر بوو بەلێپرسراوی ئۆفیسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی لە سوریا لە، ساڵی ١٩٩١ گەرایەوە بۆ كوردستان و بوو بە ئەندامی مەكتەبی رێكخستن لە هەلێرو دواتریش بوو بە بەڕێوەبەری پەیمانگای كادیران لە هەولێر، دوای بەڕێوەبردنی چوار خول كرایە جێگری وەزیری پیشەسازی لە حكومەتی هەرێم، ساڵی ١٩٩٣ تا ساڵی ١٩٩٥ ئەركی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی پێسپێردرا، ساڵی ١٩٩٦ بووەتە بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لە ئیدارەی سلێمانی حكومەتی هەرێم، ساڵی ٢٠٠٣ خوێندنی لە كولێژی یاسایی زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە، لە پلینیۆمی ساڵی ٢٠٠٨ی یەكێتیدا بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی دانرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەركی لێپرسراوێتی دەزگای واڵا پرێسی پێسپێردرا، لە كۆنگرەی سێهەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جارێكی دیكە بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی هەڵبژێردراو وەك كەسێكی پسپۆر لە بواری یاسایی و پەیوەندییەكان و رێكخستن و بوارەكانی دیكەدا ئەركەكانی سەرشانی خۆی لە ئەنجومەنی ناوەندی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە جێبەجێكردووە.