جه‌له‌ولا له‌ ٨٠% ی بۆمبی چێندراو پاككراوه‌ته‌وه‌

جەلەولاسایتی (PUKmedia):
تیمه‌كانی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین له‌ ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و ده‌وروبه‌ری به‌رده‌وامه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ ٤٠٠ بۆمبی گه‌وره‌و مه‌ترسیدار له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كاروباری مینی گه‌رمیان پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.

جه‌لال جه‌عفه‌ر به‌ڕێوبه‌ری گشتی كاروباری مینی گه‌رمیان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: زیاتر له‌ هه‌شت مانگه‌ تیمه‌كانمان به‌رده‌وامن له‌ پاككردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری و زیاتر له‌ سێ مانگی تر پێویسته‌ بۆ به‌ته‌واوی پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌و بۆمب و مینانه‌ی كه‌ تیرۆرستانی داعش چاندویانه‌.

وتیشی: تائێستا زیاتر له‌ ٤٠٠ مینی گه‌وره‌ی مه‌ترسیدار كه‌ تیرۆرستانی داعش چه‌ندین فێڵی ترسناكیان له‌چاندنیدا به‌كارهێناوه‌ پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.

رونیشكرده‌وه‌: ناوه‌ندی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا زیاتر له‌ ٨٠% ی پاككراوه‌ته‌وه‌و له‌ئێستا تیمه‌كانمان له‌گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌دا كاری پاككردنه‌وه‌ی گونده‌كانی تبج و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر له‌ مین و بۆمبی چێنراو ئه‌نجامده‌ده‌ن.

له‌باره‌ی ته‌واوبوونی هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ڕێوبه‌ری گشتی كاروباری مینی گه‌رمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: هێشتا روبه‌ڕێكی زۆر ماوه‌ كه‌ له‌ بۆمبه‌كانی داعش پاكبكرێنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر پێشبینیه‌ك بكرێت له‌وانه‌یه‌ وردو ١٠٠ % نه‌بن، به‌ڵام لانیكه‌م زیاتر له‌ سێ مانگی تری پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌له‌ولاو گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ته‌واوه‌تی له‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی داعش پاكبكرێنه‌وه‌.