داعش له‌نزیک جه‌له‌ولا‌و سه‌عدیه‌ خۆى کۆده‌کاته‌وه‌

Daeshسایتی (هاوڵاتی):

چه‌کداره‌کانى داعش هێزه‌کانیان ده‌به‌نه‌ ناوچه‌کانى نزیک جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌، ده‌یانه‌وێت له‌و ناوچانه‌وه‌ شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێننه‌وه‌، له‌ئێستاشدا هێزێکى ٨٠ که‌سیان له‌گوندى خه‌ڵاویه‌ى نزیک جه‌له‌ولا جێگیرکردوه‌.

چه‌کدارانى داعش له‌کۆتایی مانگى ١١ی ساڵى رابردوو له‌هه‌ردوو ناحیه‌ى جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ ده‌رکران، له‌وکاته‌وه‌ تائێستا که‌ نزیکه‌ى پێنج مانگ ده‌بێت، هیچ جموجوڵێکیان نه‌بوه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ناوبه‌ناو چه‌ند بۆمبێکیان داناوه‌ له‌سه‌ر رێگه‌ى گونده‌کان. به‌ڵام یه‌کشه‌ممه‌ ١٩ی ئه‌م مانگه‌، چه‌کدارانى داعش چه‌ند گولله‌ هاوه‌نێکیان ئاراسته‌ى ناحیه‌ى سه‌عدیه‌ کرد، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ دوو هاوڵاتى ناوچه‌که‌ گیانیان له‌ده‌ستداو پێنجى تریش برینداربون.

عامر ره‌فعه‌ت، به‌رپرسى ناوچه‌ى جه‌له‌ولاى پارتى دیموکراتى کوردستان، به‌‌هاوڵاتی وت «نزیکه‌ى ٨٠ چه‌کدارى داعش هاتونه‌ته‌ گوندى خه‌ڵاویه‌ى به‌رانبه‌ر ناوچه‌ى تبجى رۆژاواى جه‌له‌ولا». ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، چه‌کداره‌کانى داعش له‌سنوره‌کانى جه‌له‌ولاوه‌ تاوه‌کو نزیک ناحیه‌ى مه‌نده‌لى له‌سنورى ئێران جموجۆڵیان هه‌یه‌، وتیشى «زۆربه‌ى ئه‌و چه‌کدارانه‌ى داعش که‌ هاتونه‌ته‌ سنوره‌که‌ پێشتر به‌عسى بون».

به‌پێى وته‌ى عامر ره‌فعه‌ت، داعش به‌رنامه‌ى داناوه‌ تاوه‌کو ماوه‌ى ١٠ رۆژى تر له‌ناوچه‌کانى جه‌له‌ولا‌و سه‌عدیه‌ چالاکى ئه‌نجامبدات، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى ته‌قینه‌وه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پشێوى بنێنه‌وه‌.هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ش له‌ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى جه‌له‌ولا رێوشوێنى ئه‌منی توندیان گرتوه‌ته‌به‌ر، رێگه‌ به‌هیچ عه‌ره‌بێک ناده‌ن هاتوچۆى ناو جه‌له‌ولا بکات، جگه‌ له‌و هاوڵاتیه‌ عه‌ره‌بانه‌ى که‌ نه‌یارى گروپه‌ چه‌کداره‌کانن.

لیوا ئیسماعیل سه‌رحان، فه‌رمانده‌ى باڵاى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ کوردستانیه‌کانى پارێزگاى دیاله‌، به‌‌هاوڵاتی وت «پێشمه‌رگه‌ بازگه‌ى له‌ده‌وروبه‌رى جه‌له‌ولا داناوه‌و رێوشوێنى ئه‌منى توند گیراوه‌ته‌به‌ر». هاوکات له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌کدارانى بۆ سنورى جه‌له‌ولا‌و سه‌عدیه‌، ئێواره‌ى یه‌کشه‌ممه‌ ٢٠١٥/٤/١٩، له‌گونده‌ عه‌ره‌بنشینه‌کانه‌وه‌ ناو ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌ بۆمبارانکرا.

محه‌مه‌د عومه‌ر، به‌رپرسى کۆمیته‌ى قه‌ره‌ته‌په‌ى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان، به‌‌هاوڵاتی وت «له‌گوندى سوعێداته‌وه‌ ناو قه‌ره‌ته‌په‌ بۆمبارانکراوه‌ که‌ گوندێکى عه‌ره‌بنشینه‌» وتیشى «ناوچه‌کانى خواروى قه‌ره‌ته‌په‌ بۆمبارانکراون به‌تایبه‌ت ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌کان، که‌ بۆمبه‌کان به‌ر گۆڕه‌پانێکى وه‌رزشى که‌وتون، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ وه‌رزشکارێک گیانى له‌ده‌ستداوه‌و شه‌شى تریش برینداربون».

سه‌ره‌تاى مانگى شوباتى ئه‌مساڵ، ‌هاوڵاتی به‌دواداچونێکى بڵاوکرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵێکى چه‌کدارانى داعش له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تى کرویه‌کان بۆ خۆڕێکخستنه‌وه‌یان له‌ناوچه‌ى تبجى رۆژئاواى جه‌له‌ولا که‌ له‌ ٤٠ گوند پێکدێت.ناوچه‌ى تبجى به‌دوری چوار کیلۆمه‌تر ده‌که‌وێته‌ رۆژئاواى جه‌له‌ولاوه‌‌و سه‌رجه‌م گونده‌کانى ناوچه‌که‌ عه‌ره‌بنشینن، له‌دواى روخانى رژێمى به‌عسه‌وه‌ له‌ساڵى 2003 پێگه‌ى به‌هێزى گروپه‌ چه‌کداره‌کان بوه‌.