چەکدارەکانی حەشدی شەعبی جه‌له‌ولا جێدەهێڵن

b_200_128_13421772_00_images_stories_jalawla-p.jpgسایتی (هاوڵاتی):

چه‌کداره‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌جه‌له‌ولا که‌ژماره‌یان نزیکه‌ى هه‌شتا چه‌کدار ده‌بوو، ئێواره‌ى هه‌ینى رابردوو له‌شارۆچکه‌که‌ کشانه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ مۆڵه‌تى سێ رۆژى بۆ دانان، ئه‌و چه‌کدارانه‌ نزیکه‌ى شه‌ش مانگ له‌و ناوچه‌یه‌ مانه‌وه‌‌و ئێستاش له‌گوندى مه‌رجانه‌ى نێوان جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ جێگیربون.

دواى ئازادکردنى ناحیه‌ى جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ له‌ ٢٠١٤/١١/٢٣ رێککه‌وتنێک ئه‌نجامدرا که‌ ده‌بێت جه‌له‌ولا له‌ژێر کۆنترۆڵى پێشمه‌رگه‌دا بێت‌و سه‌عدیه‌ش له‌ژێر کۆنترۆڵى سوپا، به‌ڵام هه‌ر دواى ئازادکردنى جه‌له‌ولا میلیشیا شیعه‌کان هاتنه‌ناو جه‌له‌ولاوه‌، رێگه‌یان نه‌دا پێشمه‌رگه‌ بچێته‌ سه‌عدیه‌.

عه‌قید عیرفان حه‌مه‌خان، فه‌رمانده‌ى فه‌وجى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌جه‌له‌ولا، به هاوڵاتی وت «تائێستا چه‌ندجارێک چه‌کداره‌کانى حه‌شدى شه‌عبى ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ که‌ده‌بێت جه‌له‌ولا جێبهێڵن، ئه‌وان هه‌موو جارێک به‌ڵێنى رۆیشتنیان داوه‌ به‌ڵام راستیان نه‌کردوه‌».

وتیشى «دواجار مۆڵه‌تى سێ رۆژیان بۆ دانرا که‌ده‌بێت له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ رۆژه‌دا بکشێنه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو ئێواره‌ى رۆژى هه‌ینى (٢٠١٥/٥/٨) به‌ته‌واوه‌تى کشانه‌وه‌«.

به‌کشانه‌وه‌ى میلیشیا شیعه‌کان هیوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دانیشتوانی جه‌له‌ولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵى خۆیان دواى ئه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌ حکومیه‌کان ده‌خرێنه‌وه‌ سه‌رپێ.

لیوا ئیسماعیل سه‌رحان، رێکخه‌رى نێوان هێزى پێشمه‌رگه‌‌و حه‌شدى شه‌عبى له‌پارێزگاى دیاله‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ دوو مانگه‌ چه‌کداره‌کانى حه‌شدى شه‌عبیان ئاگادارکردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جه‌له‌ولا جێبهێڵن، «چونکه‌ جه‌له‌ولا ناحیه‌یه‌کى کوردستانیه‌».

لیوا ئیسماعیل سه‌رحان به‌‌هاوڵاتی وت «سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی ره‌زامه‌ندیان بۆ به‌جێهێشتنى جه‌له‌ولا نیشاندا».

ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌، دانیشتوانه‌ ئاواره‌که‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ته‌ماى گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ شوێنه‌کانى خۆیان که‌هێشتا مه‌ترسی بۆمب‌و ته‌قینه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌.

عامر ره‌فعه‌ت، به‌رپرسى ناوچه‌ى جه‌له‌ولاى پارتى، به‌‌هاوڵاتی وت «رێگه‌دان به‌هاتنى چه‌کداره‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ جه‌له‌ولا کارێکى هه‌ڵه‌ بوو، حه‌شدى شه‌عبى جه‌له‌ولایان وێرانکردوه‌، ماڵه‌کانیان ته‌قاندوه‌ته‌وه‌و دوکانه‌کانیان تاڵانکردوه‌«.