خانه‌قین، بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌دات

bryar xanaqinسایتی (خەندان):

ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠ ی‌ ئایاری ٢٠١٥، جارێكی‌ تر جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوونیان به‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.

عه‌دنان مه‌نسوور، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین، به‌ خه‌ندان_ی‌ راگه‌یاند: "پێشتر له‌ دانیشتنی‌ ئاسایی ژماره‌ ١٣١ له‌ ٢١ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٦ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌مان به‌كۆی‌ ده‌نگ بڕیاریدا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا، جارێكی‌ تر پابه‌ندبوونی‌ خۆیان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی‌ پێشوویان دووپاتكرده‌وه‌.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین، وتیشی :" قه‌زاكه‌مان، قه‌زایه‌كی‌ كوردستانییه‌ و سه‌دان شه‌هیدی‌ داوه‌ له‌و پێناوه‌دا، كه‌ تائه‌مڕۆش خوێنی‌ لێده‌چۆڕێت، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ناوی‌ دانیشتوانه‌ كورده‌كه‌ی‌ و عه‌ره‌ب و توركمانییه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، قه‌زاكه‌مان بخرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌م مافه‌ش له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌".

عه‌دنان مه‌نسوور، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ پێش چه‌ند رۆژێك بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێشنیازێكی‌ داوه‌ته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پێشنیازیكردووه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاره‌ كوردستانییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم، بڕیار بده‌ن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێم، وتیشی: "منیش له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و پێشنیازه‌، ئه‌مڕۆ داوامكرد جارێكی‌ تر پابه‌ندبوونی‌ خۆمان بۆ بڕیاره‌كه‌ی‌ پێشوومان، دووپات بكه‌ینه‌وه‌".