شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌ و تێكده‌درێن

سپێرەکانی کانەقینلابردنی‌ شوێنه‌وارێكی‌ مێژووی‌ كه‌ له ‌سه‌رده‌می‌ جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانیی دروستكراوه‌، نیگه‌رانی‌ لای‌ دانیشتووانی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین و چالاكوان و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ دروستكردووه‌، ئیداره‌ی‌ قه‌زاكه‌ش‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كان له‌ لایه‌ن جووتیارێكه‌وه‌ لابراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاری‌ كشتوكاڵی‌ له‌ زه‌وییه‌كه‌یدا بكات، چالاكوانێكیش ئاشكرای ده‌كات، دانه‌یه‌كی تر له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ تێكدراوه‌ و خانوو له‌ شوێنه‌كه‌ی‌ دروستده‌كات.

ئه‌میر خانه‌قینی، چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ قه‌زای‌ خانه‌قین، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "ئه‌و ئاسه‌وارانه له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهانی له‌ ﻻیان سوپای بریتانیاوه‌ دروستكراون، له خانه‌قین پێی ده‌ڵێن سپێر وه‌كو ره‌بایه‌ له‌كاتی‌ شه‌ڕ به‌كار هینراوه‌".

ئه‌و چالاكوانه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ له ناوچه‌كه‌یان زیاتر ١٠ دانه‌ له‌و ره‌بایه‌ سه‌ربازییانه‌ هه‌یه‌ كه‌ وه‌كو شوێنه‌وارێك ماونه‌ته‌وه‌، وتیشی: "پێش ماوه‌یه‌ك به‌ بیانووی به‌كارهێنانی‌ زه‌وییه‌كه‌ی‌ بۆ كاری‌ كشتوكاڵی‌ یه‌كێكیان له شوینه‌كه‌ی ﻻبرا و خرایه‌ شوێنێكی‌ تر، یه‌كیكی‌ تریش له نزیك كه‌ڵات له‌ﻻیان كۆمپانیابه‌كی خانووبه‌ره‌ كه له ئێستادا خانوو و یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون دروستده‌كات له نزیك كه‌ڵات، تێكدرا".

ئه‌میر خانه‌قینی‌، كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له ‌سه‌رپه‌رشتیارانی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ "ئیتر به‌سه‌"، وتیشی: "یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانی‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌مان گرنگی‌دانه‌ به‌ شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كانی‌ خانه‌قین، كه‌ ناوچه‌كه‌مان له‌و رووه‌شه‌وه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ڵام تائێستا فه‌رمانگه‌یه‌كی تایبه‌تمان نییه‌ به‌و بواره‌".

داواشیكرد، شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كانیان له‌ له‌ناوچوون و تێكدان بپارێزرێت، وتیشی: "گرنگترین شوێنه‌واری‌ ئێمه‌ پردی‌ ئه‌ڵوه‌نه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ ١٨٦٣ دروستكراوه‌ و له‌ئێستادا پێویستی‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌".

له‌به‌رانبه‌ردا، عه‌دنان مه‌نسوور، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین، به‌ خه‌ندانی‌ راگه‌یاند: "ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ وه‌كو سه‌نگه‌رێك له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ دروستكراون له‌كاتی‌ جه‌نگی‌ دووه‌می‌ جیهانی‌ كه‌ به ‌ماده‌یه‌ك دروستكراون پێی ده‌وترێن "نویره‌" نه‌ چیمه‌نتۆیه‌ و نه‌ گه‌چ، كه‌ ئه‌وكات ئه‌و ماده‌یه‌ بۆ بیناكردن به‌كارده‌هێنرا ".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پێش ماوه‌یه‌ك جووتیارێك یه‌كێك له‌و سه‌نگه‌رانه‌ی‌ له‌ ناو زه‌وییه‌كه‌ی‌ لابردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش نووسراومان كرد بۆ فه‌رمانگه‌ی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌، چونكه‌ هه‌موو ژێرخان و سه‌نگه‌رێك بكه‌وێته‌ سنووری‌ شاره‌وانییه‌وه‌ به‌پێی یاسا ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ لێی به‌رپرسه‌، وتیشی: "ئه‌وان له‌ وه‌ڵامدا وتیان ئێمه‌ به‌رپرس نین له‌و سه‌نگه‌رانه‌، چونكه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ به‌رپرسین له‌ هه‌ر ژێرخان و سه‌نگه‌رێك كه‌ له‌ جه‌نگی‌ عیراق _ ئێران دروستكرابێت".

پاشان نووسراویان بۆ قایمقامییه‌تی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین كردووه‌، ئه‌وانیش نووسراویان كردووه‌ بۆ ئاسه‌واری‌ دیاله‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ كێیه‌ و كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنیان، وتیشی: "به‌داخه‌وه‌ هێشتا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه"‌.