فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى خانەقین تۆمه‌تبارده‌کرێت به‌وه‌رگرتنى به‌رتیل

b_200_127_13421772_00_images_stories_bertil.jpgسایتی (هاوڵاتی):

تۆمه‌تى وه‌رگرتنى به‌رتیل روبه‌ڕوى فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى قه‌زاى خانه‌قین ده‌کرێته‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر رایکردنى مامه‌ڵه‌ى رۆژانه‌ى هاوڵاتیان، رێکخراوه‌کان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵگه‌یان ده‌ستکه‌وتوه‌‌و به‌رپرسانى حکومیش ده‌ڵێن ئاگادارکرداونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام که‌س سکاڵاى تۆمارنه‌کردوه‌ تاوه‌کو لێپێچینه‌وه‌ بکه‌ن.

به‌شێک له‌و هاوڵاتیانه‌ى مامه‌ڵه‌کانیان که‌وتۆته‌ فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى خانه‌قین، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌که‌ن که‌ به‌بێ پێدانى «به‌رتیل» ته‌نیا ئیمزایه‌کیان بۆ ناکرێت، ئه‌وانیش ناچارن بۆ رایکردنى کاره‌کان داواى چه‌ندیان لێبکه‌ن پێیان بده‌ن.

(ه، م – ٣٠ ساڵ) -ناوى راسته‌قینه‌ى لاى ‌هاوڵاتی‌ پارێزراوه‌-، یه‌کێکه‌ له‌و هاوڵاتیانه‌ى له‌ماوه‌ى ساڵى رابردودا سێجار ئیشوکارى که‌وتۆته‌ فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى قه‌زاى خانه‌قین، به‌ڵام وه‌ک خۆى ده‌ڵێت، بۆ هه‌رجارێک بڕێکى زۆر پاره‌ى لێوه‌رگیراوه‌ له‌به‌رانبه‌ر رایکردنى کاره‌کانیدا.

(ه، م) گێڕایه‌وه‌، چوار ناسنامه‌ى ماڵى برایه‌کى کێشه‌ى تێدابوه‌و دواى ته‌واوکردنى مامه‌ڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان بردویه‌تیه‌ نفوسى خانه‌قین بۆ ئه‌وه‌ى چاکى بکات، به‌ڵام هه‌ر ده‌ستى ده‌ستیان پێکردوه‌و پێیانوتوه‌ ده‌بێت بچێته‌ به‌عقوبه‌، ئه‌ویش نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ به‌عقوبه‌ به‌هۆى ناجێگیرى بارى ئاسایشى ئه‌و ناوچانه‌وه‌.

ئه‌و هاوڵاتیه‌ له‌ڕێگه‌ى خزمێکیانەوە ئاشنابوه‌ به‌که‌سێک که‌ له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیانى جێبه‌جێکردوه‌، سه‌ره‌تا داواى دوو هه‌زار دۆلارى لێکردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناسنامه‌کانى بۆ چاکبکات، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر هەزارو ٥٠٠ دۆلار رێککه‌وتون، دواى 20 رۆژ ئه‌و که‌سه‌ ناسنامه‌کانى به‌ته‌واوکراوى بۆ هێناوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر جارێک که‌ (ه، م) ئیشى مامه‌ڵه‌ى که‌وتبێته‌ ئه‌و قه‌زایه‌، به‌بێ پێدانى «به‌رتیل» کاره‌کانى بۆ نه‌کراوه‌، دواى ئه‌وه‌ى هاوسه‌رگیرى ده‌کات روو ده‌کاته‌ قه‌زاى خانه‌قین بۆ ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى، وه‌ک خۆى ده‌ڵێت، ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌که‌ هیچ پاره‌یه‌کى تێنه‌ده‌چوو به‌ڵام ٤٥٠ هه‌زار دیناریان لێوه‌رگرتوه‌.

وه‌رگرتنى «به‌رتیل» له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه‌ى وه‌ریده‌گرن له‌قه‌زاى خانه‌قین له‌که‌سێکه‌وه‌ بۆ که‌سێکى تر بڕه‌که‌ى ده‌گۆڕێت، (ه، م) ده‌ڵێت دواى ته‌واوکردنى کارى چوار ناسنامه‌ى ماڵى براکه‌ى که‌ هەزارو ٥٠٠ دۆلارى تێچوه‌، که‌سێکى تر که‌ ئیشى رایکردنى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان بوه‌ به‌پاره‌ پێیوتوه‌ به‌ ٥٠٠ دۆلار ئه‌و کاره‌ى بۆ ته‌واو ده‌کرد.

به‌شێک له‌و هاوڵاتیانه‌ى کاره‌کانیان ده‌که‌وێته‌ بارى شارستانى قه‌زاى خانه‌قین، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌که‌ن، له‌کاتى سه‌ردانیکردنیاندا به‌شێوه‌یه‌ک رایکردنى مامه‌ڵه‌کانیان بۆ قورسده‌که‌ن که‌ ئاماده‌ى پێدانى هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ک ده‌بن له‌به‌رانبه‌ر رایکردنى مامه‌ڵه‌کاندا، هه‌روه‌ها سود له‌ناجێگیرى بارى ئاسایشى ناوچه‌کانى خواروو وه‌رده‌گرن بۆ ناچارکردنى هاوڵاتیان به‌پێدانى «به‌رتیل».

هاوڵاتی‌ په‌یوه‌ندى به‌چه‌ند هاوڵاتیه‌کى دیکه‌وه‌ کرد که‌ «به‌رتیل» یان لێوه‌رگیراوه‌ له‌به‌رامبه‌ر رایکردنى مامه‌ڵه‌کانیاندا، سه‌ره‌ڕاى پشتڕاستکردنه‌وه‌ى وه‌رگرتنى «به‌رتیل» لێیان، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون لێدوان بده‌ن.
(ه، م) وتى «دواکه‌وتن‌و پێشکه‌وتنى رایکردنى مامه‌ڵه‌کان به‌نده‌ به‌پێدانى زۆرترین پاره‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌ى پاره‌ى زیاتر ده‌دات زوتر مامه‌ڵه‌کانى بۆ رایده‌کرێت».

به‌وته‌ى (ه)، ئه‌وانه‌ى ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن باندێکن که‌ له‌سه‌رجه‌م شوێنى فه‌رمانگه‌که‌دا بونیان هه‌یه‌‌و ناردنى هه‌ر فایلێک که‌ «به‌رتیل»ى لێوه‌رگیرابێت ده‌ناسرێته‌وه‌‌و به‌زویى کاره‌کانى بۆ جێبه‌جێده‌که‌ن.

له‌ئێستادا به‌شێک له‌و که‌سانه‌ى «به‌رتیل»یان لێوه‌رگیراوه‌ له‌خانه‌قین، سکاڵایان بردۆ‌ته‌ ناوه‌ندى کارى هاوکارى رێکخراوه‌کان له‌گه‌رمیان تا به‌دواى که‌یسه‌کانیاندا بچن.

بێستون ژاڵه‌یى سه‌رۆکى ناوه‌نده‌که‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ وه‌رگرتنى «به‌رتیل» به‌ئاشکراو به‌بێ په‌رده‌ له‌خانه‌قین له‌په‌ره‌سه‌ندندایه‌و باخه‌ڵى هاوڵاتیانیان ته‌کاندوه‌.

وتیشى «له‌ماوه‌ى رابردودا زیاتر له‌ 10 هاوڵاتى دانیشتوى گه‌رمیان که‌ نفوسیان سه‌ر به‌قه‌زاى خانه‌قینه‌ به‌ڵگه‌یان هێناوه‌ته‌ رێکخراوه‌که‌مان که‌ به‌رتیلیان لێوه‌رگیراوه‌ له‌به‌رانبه‌ر رایکردنى مامه‌ڵه‌کانیاندا».

بێستون ژاڵه‌یى، هۆکارى زیادبونى وه‌رگرتنى «به‌رتیل»ى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ شوێنى جوگرافى قه‌زاى خانه‌قین‌و سودوه‌رگرتنى «به‌رتیل وه‌رگران» له‌نائارامى بارى ئاسایشى ناوچه‌کانى خواروى عێراق.

ژاڵه‌یی ده‌ڵێت له‌ئێستادا له‌هه‌وڵى کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌دان‌و تائێستا به‌ڵگه‌یان له‌ 12 که‌س وه‌رگرتوه‌و به‌ڵگه‌کان له‌زیادبوندان، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى داهاتودا له‌ڕێگه‌ى یاساوه‌ لایه‌نى «به‌رتیل وه‌رگر» سزابدرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى بارى شارستانى خانه‌قین هه‌رچه‌نده‌ ره‌تیده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌رتیل له‌هاوڵاتیان وه‌رگیرابێت له‌فه‌رمانگه‌یاندا له‌به‌رامبه‌ر رایکردنى مامه‌ڵه‌کانیاندا، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات به‌هۆى بارودۆخى ئه‌منیه‌وه‌ هاوڵاتیان ناتوانن بچنه‌ به‌عقوبه‌و به‌ به‌رتیل پێدان کاره‌کانیان رایده‌که‌ن.

عه‌مید مازن عه‌بدولڕه‌حمان به‌‌هاوڵاتی‌ وت «به‌شێک له‌مامه‌ڵه‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى سه‌ردانمان ده‌که‌ن پێویسته‌ خۆیان مامه‌ڵه‌کانیان ببه‌نه‌ به‌عقوبه‌، به‌ڵام هاوڵاتیان به‌هۆى بارودۆخى ئه‌منیه‌وه‌ له‌رێگه‌ى ده‌ڵاڵى ناسراویانه‌وه‌ به‌پێدانى به‌رتیل مامه‌ڵه‌کانیان بۆ رایده‌کرێت به‌بێ ئاماده‌بون‌و چونى خۆیان».

له‌ئێستادا قایمقامیه‌تى قه‌زاى خانه‌قین له‌وه‌ ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى خانه‌قین «به‌رتیل» له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام تائێستا لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌کراوه‌.

محه‌مه‌د مه‌لاحه‌سه‌ن، قایمقامى قه‌زاى خانه‌قین، به‌‌هاوڵاتی‌ وت «له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى دیاله‌و به‌رپرسه‌ حزبیه‌کانه‌وه‌ ئاگادارکراوینه‌ته‌وه‌ که‌ به‌رتیل وه‌رده‌گیرێت له‌فه‌رمانگه‌ى بارى شارستانى قه‌زاى خانه‌قینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى که‌سى به‌رتیل وه‌رگر ئاشکرابکه‌ن».

وتیشى «ئێمه‌ نازانین لێپێچینه‌وه‌ له‌کێ بکه‌ین، ته‌نها ده‌وترێت به‌رتیل وه‌رده‌گیرێت بێ ئه‌وه‌ى که‌س داواى یاسای تۆماربکات، ناکرێت ئێمه‌ وه‌ک ئیداره‌ى قه‌زاکه‌ بێ بونى سکاڵا یان به‌ڵگه‌ ده‌ست بکه‌ین به‌لێپێچینه‌وه‌«.

قایمقامى خانه‌قین ئه‌وه‌ش نه‌شارده‌وه‌، هه‌ندێکجار به‌ئاگادارى ئه‌وان له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ى مامه‌ڵه‌ى هاوڵاتیان ده‌به‌نه‌ به‌عقوبه‌و ده‌یهێننه‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ زۆر نیه‌و له‌تواناى هه‌موو هاوڵاتیه‌کدایه‌، ئه‌وه‌ش به‌بڕواى ئه‌و به‌رتیل نیه‌، ته‌نیا حه‌قى ئه‌و که‌سه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاتوچۆو ماندوبونیدا.