چۆنێتی تاڵانكردنی بانقه‌كه‌ی جه‌له‌ولا روون ده‌كرێته‌وه‌

jalwla2162015 سایتی (خەندان):
ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌لایه‌ن بانكی رافیده‌ینی عیراقه‌وه‌ له‌سه‌ر تاڵانكردنی بانكه‌كه‌ی جه‌له‌ولا پێكهێنرابوو دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و راپۆرتی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسیوه‌ و خستوویانه‌ته‌ به‌رده‌ست به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بانكی رافیده‌ین.
ئه‌نوه‌ر حسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا به‌ خه‌ندانی راگه‌یاند: "رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٦ی حوزه‌یرانی ٢٠١٥، لیژنه‌یه‌كی بانكی رافیده‌ینی عیراقی كه‌ له‌سه‌ر دیارنه‌مانی نزیكه‌ی ٢٣ ملیار و نیو دیناری بانكی جه‌له‌ولا پێكهێنرابوو سه‌ردانی بانكی جه‌له‌ولایان كرد، دوای لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌ راپۆرتێكیاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌ماوه‌ " .

وتیشی: "ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ ١٠ كه‌س بوون و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی و سه‌رپه‌رشتیاری لقی پارێزگای دیاله‌ی بانكی رافیده‌ین و فه‌رمانبه‌رانی بانكی جه‌له‌ولا پێكهاتبوون. هه‌ر له‌ راپۆرتی لیژنه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ ٦٠% ی سه‌قفی بانكه‌كه‌ رووخاوه‌ و له‌وێشه‌وه‌ دزه‌ كراوه‌ته‌ ناو ئه‌و بانكه‌و پاره‌كه‌ی ناوی براوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی (٢٣) ملیار و (٤١٠) ملیۆن و (٢٥٠) هه‌زار دینار بووه‌ " .

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا باسی له‌وه‌شكرد، جگه‌ له‌و پاره‌یه‌ی كه‌ تاڵانكراوه‌، ته‌واوی ئامێر و ئه‌و شت و مه‌كانه‌ی له‌و شوێنه‌دا هه‌بوون تاڵانكراون.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ رۆژانی داهاتوودا له‌ قه‌زای خانه‌قین شوێنێكی یه‌ده‌گ له‌لایه‌ن بانكی رافیده‌ین ده‌كرێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی بانقی جه‌له‌ولا و چوونه‌ سه‌ر كاری فه‌رمانبه‌ره‌كانی له‌و شوێنه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵ حكومه‌تی عیراق به‌ نووسراوێك داوای له‌ به‌رپرسانی ئیداریی هه‌ردوو ناحیه‌ی سه‌عدییه‌ و جه‌له‌ولا كردووه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی كه‌ له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعش تووشی ناوچه‌كه‌ بووه‌، راپۆرتیان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن هه‌تا قه‌ره‌بووی ناوچه‌كانیان بكرێته‌وه‌ و راشیگه‌یاند: "راپۆرته‌كانمان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌یان لاپه‌ڕه‌ن".

رۆژی ١٢ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش گه‌ڕه‌كه‌كانی وه‌حده‌ و ته‌جنیدیان له‌ ناحیه‌ی‌ جه‌له‌ولا كۆنترۆَڵكرد، دوای ماوه‌یه‌ك هێزه‌كانی سوپای عیراق ناوچه‌كه‌یان چۆڵكرد و رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠١٤ ته‌واوی جه‌له‌ولایان كه‌وته‌ ژێر ده‌ست. له‌ رۆژی ٢٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٤ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌ یه‌كجاری جه‌له‌ولا له‌ ده‌ست داعش رزگار كرا.

Tags: جەلەولا