پێویستە بیر لە بە کانتۆن بونی خانەقین بکرێتەوە؟

b_200_150_13421772_00_images_stories_emadali.jpgعیماد عەلی

دیارە خانەقین وەک ناوەندی قەزاکە بۆ دوازدە ساڵە بە کردەیی و لەسەر ئەرزی واقیعدا کورد فەرمانمرەوایی دەکات و بە رەسمی سەر بە پارێزگای دیالەیە، زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن، ئامانجیان ئارامی و ئاسودەیی و گەرانەوەی قەزاکەیە بۆ باوەشی ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو ناحیانەی سەر بە قەزای خانەقینن تا دوا ھەناسە تەعریب کاری تێکردوون و زۆرینەیان تا رادەیەک لەدەست کورد دەرچون و تەنانەت خاک و خۆڵی ئەو شارانە گۆرینی بەسەردا ھاتووە . لەبەر ئەوەی بەرەسمی سەربە ناوەندی عیراقە، بۆیە تا ئێستا ئەگەر بودجەکەی لە لایەن دیالەوە بە کەموکورتی دابین کرابێت، ئەوە لەلایەکی ترەوە بە ھەوڵی تاکە کەسی وحزبی وبەشێکی زۆر کەمیش لە لایەن حکومەتی ھەرێمەوە وەک خێر و سەدەقە یارمەتی نیوە ناچڵی ئەم شارە دراوە و، ھیچ حسابێکی تایبەتیان بۆ شارێکی دێرینی خێر لەخۆنەدیوی دەیان ساڵەی کوشتەی تەعریب و تەبعیس و تەھجیر و تەسفیر و ململانێی حزبی و تا رادەیەک کاریگەری سنوربون و، زەرەرمەندبونی لە شەری نەگریسی ئێران عێراق، زیاتر لە شارەکانی زیانی پێگەیشتووە و لە مێژوەکەی خۆی دابراوەو، وەک کەلاوەیەکی جێگای گیاندارێکی بێ دەرەتان لە گیانەڵادا دەژێت و،خەمخۆرانی کەمن و تا رادەیەکیش بۆتە قوربانی ململانێی نێوخۆیی خۆی و ناشارەزایی ھەندێکی و نا دڵسۆزی ئەوانەی تر لەو بەپرسانەی کە ھاوردەکراون بۆ حوکم کردنی شارەکە و ، دوور لە خواست و ویستی خەڵکی ئەم شارە بە ئارەزوی خۆیان تەراتێن دەکەن . بۆیە تا دێت نارازیبونی خەڵکەکەی بەرەو لوتکە ھەڵدەکشێت و دەستێوەردانی مەبەستداری ناوەوە و تەنانەت دەروەی سنوری عیراقیش تێیدا بە زەقی دەردەکەوێت و، ئەگەر پێشتر ململانێی مەزھەبی بونی نەبوو ئەوا ئێستا لەبەر چەندین ھۆکار تا رادەیەک لەدوورە وە سیمای دەردەکەوێت و، نەداری و نا عەدالەتی و ململانێی شەخسی و حزبی و ئەگەر زۆر راشکاوانە باسی بکەین تا رادەیەک مەزھەبیش، خەریکە وەزعی ئەم شارە بەلارێدا دەبات و لە بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و ئاینی و کەلتوری و تەنانەت ئابوریش بەرەو ئاڵۆزیەکی سەیر دەچێت . لەم نێوەندەشدا نە حکومەتی ھەرێم خۆی بە خاوەنی راستەقینەی دەزانێت و نە حکومەتی عیراقیش و، تا دێت بارودۆخی شاری خانەقین ئاڵۆز و خرابتر دەبێت لەسەرجەم بوارەکاندا، سەرەرای ئەوەی بۆ زیاتر لە دوانزە ساڵی رەبەقە لە دەستی دکتاتۆرەکەی بەغدا رزگاری بووە . بۆیە حەقی خۆیانە خەڵکی شاری خانەقین بپرسن تاکەی ؟ تا کەی خەمساردی لە ئاست ئەم شارە؟ تاکەی نەبونی خزمەتگوزاری پێویست و نەبونی مرجەعیەتی ئیداری راستەقینە؟ تاکەی نەبونی خاوەندارێتی سیاسی و فەرمانرەوایی ؟ تاکەی دواکەوتویی ھەمەلایەنی شارەکە لەسەرجەم بوار و ئاستەکاندا؟ تاکەی بەرەڵایی؟

بێگومان وەک شارێکی دێرینی سنوری نێودەوڵەتی خاوەن مێژویەکی پرشنگدار، تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی وئابوری خۆی ھەیە و، بێگومان ئەم شارە بە نوخبەی پر توانا و زیرەک لە سەرجەم بوارەکاندا ناسراوە و لێرە جێگەی باسکردن و ژماردنی نابێتەوە . بۆیە خەڵک بیر لە چارەسەری ریشەیی دەکنەوە و لەو بوارەدا تا ئێستا بۆ قوتار بون لەم قەیرانە قوڵەی ئەمرۆی خانەقین چەندین بیرۆکەیان باس کردووە و دەرخستوە . ئەوەی شایانی باسە، کە دەکرێت لێرەدا باس بکرێت، زۆرێک لە خەڵکی بێ لایەن و خەمخۆری ئەم شارە بەدوای رێگەچارەدا دەگەرێن و لەو نێوەندەشدا بیرورا دەگۆرنەوە و، باس لە ئامرازە کانی خۆدرەبازبون لە قەیرانی ھەمەچەشنی باری نالەباری شارەکەیان دەکەن . لێرەدا ئەگەر باس لە چارەسەرێکی گونجاو بکەم کە خەڵکی لەم قۆناغەدا لێی دەدوێن، ئەویش بەکانتۆن بونی خانەقینە، کە وەک ھەموو تاقیکردنەوە سەرکەوتوەکانی تر لە شوێن و جێگەی تردا پێھەڵساون بۆ خۆ رزگاربون لەو سەرسورمانەی کە لەو نێوەندەدا باڵی بەسەر خەڵکی دڵسۆزی ئەم شارەدا کێشاوە؛ بەکانتۆن بونی خانەقین و دواتر بە ھەڵبژاردن و راپرسی، رێگەی گەرانەوە بۆ باوەشی ھەرێم ئاسانتر دەکات و لەو کەمتەرخەمیەی حکومەتی بەغدا و ھەرێمیش رزگاریان دەبێت و ھەنگاوی یەکەمی ئاسایی بونەوەی وەزعی خانەقین بە قەزا و ناحیەکانیشیەوە دەکەوێتە سەر سکەی خۆی و دواکەوتنی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر ئەم شارە نامێنێت و، خەڵکی ئەم شارە بریاری راست و دروستی خۆیان دەدەن و رێگەی سەر بەھەرێمبونیان کورت دەبێتەوە و پێویست بە بریارە ناوەندیەکانی بەغدا ناکات بەشێوە یاساییەکەی وا دارێژراوە کە مینرێژکراوە . بۆیە بەکانتۆن بونی خانەقین وەک شەنگال و شوێنەکانی تر پێویستیەکی حاشاھەڵنەگری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بارودۆخی ئەم سەردەمەی ئەم شارەیە، بۆیە پێویستە بژاردەی ئەم شارە دەبێت ھیمەتێک بکەن و رێکارە ئاساییەکانی بگرنە بەر و خۆیان لە چەقبەستنی حاڵی ئەم شارە رزگاربکەن و گوێ بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی ھیچ کەس و لایەنێک نەدەن.

Tags: خانەقین, کانتۆن