مافی چارەی خۆنووسینی کورد

سایتی (PUKmedia):

لە دوایین وتاری سەرکردەی کوردی مەسعود بارزانی، تێدا هاتبوو کە مەسەلی «مافی چارەی خۆنووسین» هیشتا لەدانوستاندندایە، وەک دیارییەک بۆ ئەوانەی کە پێیان وایە، دابەشکردنی عێراق باشترین چارەسەرە. لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، بینیمان کە زۆربەی دانیشتنەکان لەمەر باشترین پلان بۆ چاککردنی باری ناوەوەی عێراق لە وڵاتە یەکگرتووەکان بەستران، هەر لەو کاتەدا ژمارەی کتێب و وتارەکان کە تاووتوێی ئەم مەسەلەیە دەکەن لە زیادبووندابوو.

هەڵبژاردنی باراک ئۆباما وەک سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان بوو بە هۆی هاندانی لایەنگرانی دابەشکردن، ئۆباما خۆی هیچ هەڵویستێکی دیاریکراوی نەبوو، بەهەمان شێوەی مەسەلەکانی دیکە، هەتاوەکوو پانتاییەکی بەرێنی هەبێت بۆ ئاڵوگۆرکردن. بەڵام جۆزیف بایدنی جێگرەکەی کە زۆر لایەنگری شەڕی عێراق بوو، ساڵانێک کاری بۆ دابەشکردن عێراقی دەکرد، پێش ئەوەی پلەوپایەکەی ناچاری بکات بۆ بێدەنگی و خۆدزینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم بیرۆکەیە لەناوەوەی عێراق، بەشێوەیەکی گشتی تاوتوێ نەکرا.
ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە عەرەب ٨٠ لەسەدی دانیشتوانی عێراق پێکدێنن و حەزیان لە باسکردنی ئەم مەسەلەیە نییە، لەکاتێکدا کورد نەیوێراوە پێشنیازی ئەمە بکات لە سەردەمانی حوکمی دیكتاتۆریەتیە یەک لەدوای یەکەکان لە بەغداد. ئێستاش کە عێراق بووە بە كۆمه‌ڵگایەکی کراوە، هیچ بیانوویەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە باسکردنی مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسینی کورد. کارێکی ژیرانەیە کە بارزانی خۆدوورەپەرێز نەگرێت لەچارەسەرکردنی مەسەلەکە، لەکاتێکدا مافی چارەی خۆنووسین درا بە دانیشتوانی خوارووی سودان و مافی درووستکردنی وڵاتێکی سەربەخو درا بە خەڵکی کۆسوڤۆ. نابێت هیچ سەرکردەیەکی ڕێزداری کورد واپیشان بدات کە مەسەلەکە بوونی نییە.
بەڵام بەڕاستی مافی چارەی خۆنووسین مانای چییە؟ ئەگەر مافی چارەی خۆنووسین بەمانای مافی خەڵک لە دیاریکردنی حکومەتێکی خۆیی لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرددا بێت. ئەوا کوردەکان ئەم مافەیان هەیە، سەرۆکی حکومەتی خۆماڵی کوردی لە هەولێر نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەمە.
بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، مەبەستیان لە مافی جیابوونەوەیە لە عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەو ناوچانەی کە کورد زۆرینەی دانیشتوانی پێکدێنێت. کێ لەوانەیە قازانج لەم گەشەکردنە بکات؟ پێش شۆرشی خومەینی، بیڕوباوەرێک هەبوو کە ئێران حەزی بەوە نییە کە کوردی عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیان هەبێت. هۆکاری ئەمەش ئەوەبوو کە تەهران نیگه‌ران بوو کە ئەم گەشەکردنە ببێتە هاندانی کەمینەی کورد بۆ جیابوونەوە.
ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە، ڕژێمی خومەینی یان بەلای کەمەوە بەشێکی تائێستا دەسەلاتدارن و لە ڕوانگەی باڵادەستی شیعی مەزهەبەوە سەیری دونیا دەکەن. ئەوانە ستراتیژیێکی درێژخایەنیان هەیە لەسەر بنچینەی سەرکردایەتیکردنی كۆمه‌ڵگا یەکگرتووەکانی شیعە مەزهەب لەوبەری سنوورەوە بنیادنراوە، هەروەها بەکارهێنانی وەک خاڵێ دەستپێکردن بۆ سەرکردایەتیکردنی هەموو دونیای ئیسلامی لەو چوارچێوەیەی کەپێی دەڵین «ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتایی» دژی هێزی ڕۆژئاوای «کافر» کە ئەمەش پێناسەیەکی دروست نییە.
ئەو ستراتیژییەش لە دابەشکردنی عێراق سود دەبینێت، لەماوەی چوارسالی رابردوودا، تەهران کارئاسانی بۆ سودپێگەیاندنی ئەجێندای فیدراڵی عێراق دەکات، بەئومێدی دامەزراندنی هەشت ناوچەی فیدراڵی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە زۆرینەیان شیعەن.
سیناریۆی دابەشکردنی عيراق دڵنیابوونە لە بێتوانایی عێراق لە بەربەڕجدانەوەی خوازیارییەکانی تەهران بۆ زاڵبوونی بەسەر هەرێمەکەوە. عێراقێکی یەکگرتوو کە دانیشتوانەکەی 30 ملیۆنە، سەرەڕای سامانێکی زۆر لە پاشەکەوتەی نەوت و سەرچاوە ئاوییەکان توانای ڕاگرتنی هاوكێشی دەبێت لەگەڵ ئێران.
زیاد لەوەش، عێراق دووەم کەورەترین دەوڵەتە دوای ئێران کە زۆرینەی شیعەیە. لەوانەی دوای ماوەیەک، نەجەف ببێتەوە سەنتەرێکی سەرەکی بۆ لێتوێژینه‌وه‌ی مەزهەبی شیعەو ڕێنوێنیکردنی ئاینیی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کارگرانکردنی لایه‌نگرانی خومەینی لەبەردەوامبوونی خەونی فراوانبوونی شیعە. هەر لەئێستادا بەڵگە هەیە لە سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئایەتوڵای گەورە عەلی محەمەد سیستانی، دانیشتووی نەجەفە، وەک یەکێک لە به‌ناوبانگترین «مەرجەعی تەقلید» و جەماوەردارترین مەرجەع لە ئێران.
هەروەها ڕەنگە هەلومەرجی تورکیاش گۆردرابێت، هەتا کاتی رزگارکردنی عێراق بڕوایەک هەبوو کە تورکیا خوازیاری دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی نەبوو، لە ترسی ئەوەی کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەوڵدانی کورد بۆ جیابوونەوە. تورکیا لە نێوان ساڵانی 1981 و 2003 مافی تەواوی هەبوو کە لەلایەن صەدام حوسێنەوە پێیدرابوو، بۆ هاتنەناوەوەی باکووری عێراق، ئەمەش بوو بە هۆی ڕیگەدان بە تورکیا بۆ ئەنجامدانی کاری سەربازی و ڕاونانی پێشمەرگەکانی کورد لەناو خاکی عێراق، بەرەزاماندی دیکتاتۆری بەغداد. کاتێک سته‌مكارێک لە بەغداد هەبوو، یەکبوونی عێراق لە به‌رژه‌وه‌ندیی تورکیادا بوو، لێ کارێکی ناشیاوە، عێراقێکی دیمۆکرات ڕێگا بدات بە هاتنەناوەوەی هیزێکی سەربازی بێگانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەند. هەروەها گرفتێکی گەورەیە کە تورکیا شەڕیک بەرپابکات لە دژی تاقە وڵاتێکی دیمۆکراتی دراوسێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبی ئەوەی نارەزاییەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێی نەکەوێتەوە. هەروەها هەوڵدانی عوسمانییە تازەکان لە تورکیا بۆ جێبەجێکردنی خەونی ئیمپراتۆریەت، ڕەنگە ئەنقەرە هەڵویستێکی تازە بگرێتەبەر بۆ دابەشکردنی عێراق. ئیمپیراتۆیەتی عوسمانی پێکهاتبوو لە چەندان ئیمارەتی بچوکی لەژمارەنەهاتوو. دەوڵەتێکی بچوکی کوردی لە باکووری عیراق هیچ چارەیەکی نابێت جگە لە ملكه‌چێتیی تورکیا ئەگەر ئەمەش بەمانای کردەوەی سەربازی بەردەوامی تورکیا بێت لەسەر خاکەکەی.
ڕەنگە سوریاش لایەنگری دابەشکردنی عێراق بێت، ئەمەش دەیکاتە گەورەترین وڵاتی عەرەبی بەپێی ژمارەی دانیشتوانی کە جێگایەکی ستراتیژی لەنێوان میسر و ئێران دا هەیە، بە‌و شێوەیە چالاک و گەورە دەبێت. لەلایەکی دیکەوە، عێراقێکی یەکگرتووی دیمۆکرات ململانییەکی ڕۆژانەیە بۆ سوریا کە پەیوەندییەکی تایبەتی هەیە لەگەڵ ئێران.
دەمێکە ئیسرائیل کە یەکێکە لە وڵاتە چالاکەکانی ناوچەکە، پشتگیری دابەشکردنی عێراق دەکات. چونکە زۆربەی سەرکردە ئیسرائیلییەکان بڕوایان وایە کە ڕەنگە عێراق تاقە دەوڵەتە کە ڕووبه‌ریکی بەرین و سەرمایەکی سروشتی گەورەی هەیە، ببێتە «هه‌ڕه‌شه‌ بۆ مانەوەی دەوڵەتی جوولەكە». ئەم سەرکردانەش بڕوایان وایە کە عێراقێکی بچوکتر، توانای هەڵگری خەونیکی عەرەبی نابێت لە شەڕیکی گەورەی دیکەدا دژ بە ئیسرائیل.
بەڵام چی روودەدات ئەگەر هەموو لایه‌نگرانی جیابوونەوە هەڵە بوون؟ کوردەکانی عێراق یەکەم دۆڕاو دەبن، جونکە دەبێت مەسرەفی دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی نوێ بکەن، دەبێ بەردەوامیش بن لە مەسرەفکردن بۆ بەرگریکردنی لە هەرێمیکی پڕدۆژمندار. توێژینەوە نوێیەکان نیشاندەری ئەوەن کە دانیشتوانی ئەم دەوڵەتە کوردییە بچوکە لە عێراق هەژارتر دەبن لە ئێستا. ڕەنگە کوردەکان دوای دوورکەوتنەوەیان لە گەورەسامانی نەوتی عێراقیک، «چارەی خۆنووسین» بە ده‌ستكه‌وتێکی باش نەزانن. ڕوودانی دابوشبوونی وڵاتانی ئەوروپا لەم دواییەدا زیانی بە جیاخوازان گەیاند. زیادبوونی نەداری سلۆڤاکییەکان بەڕێژەی 40 لەسەددا بە بەراوردکردنیان لە گەڵ ئاستی ئەو کاتەی بەشیکبوون لە تشیکۆسلۆڤاکیا. هەروەها زیادبوونی هەژاری هەموو حەوت وڵاتەکە جگە لە سلۆڤێنیا کە لە دابەشکردنی یۆگسلاڤیا دروسستبوون. هیچ هۆیەک نییە بۆ بڕواپێکردن کە عێراق لەوانە باشتر بێت.
ئەمەش نابێتە هۆی تاقە سەرچاوەی نیگه‌رانیی، چونکە ئەو ناوچانەی کە ڕەنگە ببێتە بەشێک لەم دەولەتە تازەیە، چەندین نەتەوە لەخۆدەگرێت کە خۆیان بەکورد نازانن. دەبێ ئەم دەوڵەتە تازەیە یان هەوڵبدات بۆ سەرکوتکردنی ئەم کەمایەتییانە یان رازی بێت لەسەر داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆکە لە نێو دەولەتی تازەدا بەپێی تێگەیشتن لە توندڕه‌وترین لێكدانه‌وه‌ی پەیمانی لۆزان.
هێزە هەرێمییەکان کە پشتگیری لەدابەشکردنی عيراق دەکەن دەدۆڕێنن، هەموو ئەو دەوڵەتانە، نەتەوەی کەمایەتییان جدایان تێدایە، لەوانە کورد کە ڕەنگە ئەوانیش بەپێی بۆچونی خۆیان هەوڵبدەن بۆ بەجیهێنانی «مافی چارەی خۆنووسین». لە مێژوودا ئاشکرایە، کاتێک گومان لە سنووری دەوڵەتێک دەکرێت، سنووری هەموو هەرێمەکانی ناو دەوڵەت ڕوو لەگۆران دەکات. زۆرینەی وڵاتانی دراوسێ عێراق وەک سەرچاوەیەکی بێزاریی و هەڕەشەی ڕاستەقینەیی سەیریان دەکرد، کاتێک لەژێر دەسەڵاتی ستەمکاراندا بوو هەر لە ساڵی 1958 هەتا 2003.   دەوڵەتانی کوەیت و ئێران هەڵە نەبوون، بەڵام عێراقی نوێ وەک پێشتر نابێت.
دەبێ بارزانی هەوڵبدات بگاتە ئەو ئاکامە ژیبیژییانە و مەسەلەی «مافی چارەی خۆنووسین» لە ئەجیندای تاوتوێکردنی کۆمەڵگا دابنێت. ئەگەر هەڵەنەبم، زۆرینەی کوردەکانی عێراق بەستراونەتەوە بە عێراقەوە، بەمەرجێک ڕیگەیان پێبدرێت بەتەواوی حوکمی خۆیان بکەن لە نێو ڕژێمێک ڕێگە بە پلوورالیزم بدات.
کوردەکانی عێراق هەر لە ساڵی 1991وە سەرکەوتووبوون لە دامەزراندنی حکومەتێکی خۆماڵی کە ڕێگەیان پێدەدات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا بپارێزن بەبێ ئەوەی چارەنووسی خۆیان بدەنە دەست ئەوانەی دەسەڵاتی مەرکەزییان هەیە لە بەغداد. هەریەک لە بارزانی و هاوپەیمانەکەی جەلال تالەبانی جێگای ڕێزن بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە بەئەنجامیان گەیاندووە کە وادیارە بەدڵی زۆرینەی کوردی عێراقن. بۆ کوردەکانی عێراق ئێستا کە هەلومەرجێکی باشیان هەیە، هیچ پێویست بە نیگەرانی ناکات بەناوی هەوڵدان بۆ باشترکردنی، زۆرجار ئەوەی باشترە دەبێتە دژی باش.


نووسینی: ئه‌میری تاهیری، رۆژنامه‌ی الشرق الأوسط

وەرگێران لە عەرەبییەوە: محەمەد جەهاد