ئەڕا کوڕەگەی خاڵو بارام

ئازاد خانەقینی
هاورێم کاک عەدنان

هەواڵی کۆچی ناوادەتم پێگەیشت، ئەوە قەدەری ئێمەی دوورە وڵاتە، لە کۆستی نزیکترین کەسی خۆشماندا ناتوانین ئامادەبین.

هێمن گوتەنی: (ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنوور)، ئێمەی لەیەک جیاکردەوە و تۆش من ئاسا چەندین ساڵە لە خانەقین دوور خراویتەوە و لە شاری بێجی گیرسایتەوە.

یەکێک لە عەیبەکانی تری تەمندرێژی ئەوەیە کە مرۆڤ ڕۆژانە بەبەرچاوییەوە خۆشەویستان و هاوەڵانی کۆچ دەکەن و بەرەو دوامنزڵگە خواحافیزی لێدەکەن.

کاکە عەدنان، ئەمڕۆ لای من کوڕە گەنجەکەی ساڵی ١٩٧٨ بووی، لە دەرگای ماڵی هەموومانت ئەداو کەمانچەکەت پێبوو، یەک یەک کۆت ئەکردینەوە و هەرجارەو لەماڵێک پرۆڤەت پێئەکردین. ئەو کاتە ١٦ ساڵان بووی، لەو تەمەندا مشوری تیپی مۆسیقای خانەقینت ئەخوارد تا دوایین جار بەهەوڵ و ماندووبوونی تۆ ئەو تیپە دامەزرا. هەر هونەرمەندیکی خانەقین لەساڵی ١٩٧٨ بەدواوە دەرکەوتبێ، خوێندکاری تۆیە و قەرزاری تۆیە.

کە بیرت لێ دەکەمەوە ئەمرۆش ساڵی ١٩٧٩ەیە، راپێچی ئەمنی خانەقین کراین و هەڕەشەی ئەوەمان لێکرا کە چیتر نابێ بەکوردی گۆرانی بوترێ!

تۆی بەرز هەر بە کوردی وڵامی مودیری ئەمنت دایەوە و وتت: (ئەگەر جوملەیەکی غەیرە کوردی لەم کەمانچەیەوە بێتە دەرەوە ئەوە بزانە کوڕەگەی بارام نییم).

کوڕەگەی خاڵو بارام، بنو بە ئارامی لە دوو شتدا ئێرەیت پێدەبەم: یەکەم، چەندین هەنەرمەندت پێگەیاند و دووەمیش، خاکی خانەقینت بوو بە نسیب، لەوانەیە ئێمە مانان ئەوەشمان بەباڵادا نەبڕێ.

 

ئازاد خانەقینی

رۆژنامەی کوردستانی نوێ

ژمارەی ٢٨٧٥

دووشەممە ٣٠-٩-٢٠٠٢