یه‌ك ئۆتۆمبیل خاشاكی خانه‌قین پاكده‌كاته‌وه
سایتی (ئاوێنە):
به‌شێك له‌دانیشتوانی خانه‌قین باس لهوهدهكهن كه شاره‌كه‌یان بووه به زبڵخانه‌و شاره‌وانیش به‌كه‌مته‌رخه‌می یه‌كه‌م ده‌زانن، به‌رپرسانی شاره‌وانیش كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی به‌عقوبه‌و نه‌بوونی بودجه‌و كه‌می ئاله‌تی پاككردنه‌وه‌و كه‌می كرێكاری شارهوانیو گه‌شه‌كردنی له‌ناكاوی شاره‌كه.
نیگه‌رانی هاوڵاتیان، له‌به‌رامبه‌ر پیسبونی شاره‌كه‌یان به‌جۆرێكه، ده‌گه‌نه ئه‌وه‌ی كه شاره‌كه‌یان به زبڵخانه ناوبه‌رن، نیهاد كه‌ریم وه‌ك هاوڵاتییه‌كی گه‌ڕه‌كی (پاشاكۆپر)ی شاری خانه‌قین باس له‌وه‌ده‌كات كه زبڵ‌و خاشاك ته‌واو بێزاری كردون‌و ده‌ڵێت "ئه‌م شاره‌ی ئێمه هه‌ر لهزبڵخانه دهچێتو كاتێك دێیته ناوبازاڕ یان ده‌روازه‌ی شاره‌وه بۆنێكی زۆر ناخۆشی زبڵ‌و خاشاك بێزارت ده‌كات، جگه له‌چه‌ند فولكهیهكی ناو بازاڕ نه‌بێت، ئیتر هه‌موو شوێنێكی خانه‌قین زبڵ دایپۆشیوهو كه‌سیش نییه لێی بپرسێته‌وه‌و هه‌ر ده‌ڵێی حكومهتو شاره‌وانی له‌م شاره‌دا نییه" هه‌روه‌ها كه‌ره‌م محه‌مه‌د كه هاوڵاتییه‌كی تری گه‌ڕه‌كی (دارهكوناره)ی خانه‌قینه، سه‌باره‌ت به هه‌مان باس ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌هه‌فته‌ی جارێك شاره‌وانی ئۆتۆمبیلێك ده‌نێرێت بۆ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر یه‌كێك ئه‌و رۆژه له‌ماڵه‌وه نه‌بێت، ئه‌وا زبڵ‌و خاشاكی 2هه‌فته‌ی به‌سه‌ردا كۆده‌بێته‌وه ئه‌و ده‌ڵێت "بۆیه ناچار زبڵ‌و خاشاكی رۆژانه رۆدهكهینه چه‌ند شوێنێكی گهڕهكهكهمانهوه، دوای ماوه‌یه‌ك كه زۆرده‌بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی شاره‌وانی دووری بخاته‌وه دێن هه‌ر له‌جێگه‌ی خۆیدا ده‌یسوتێنن، هه‌رجاره‌ی ئه‌و زبڵهدهسوتێنن بۆ ماوه‌ی 2رۆژ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان بۆنی بۆكڕوزی زبڵ‌و خاشاك ده‌گرێت".
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی خانه‌قین سه‌میر محه‌مه‌د نور ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ماوه‌ی 3ساڵی دوای روخاندنی ڕژێم، خانه‌قین 18 گه‌ڕه‌كی زیادكردبوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش رێژه‌ی دانیشتووانی شاره‌كه‌ی له(35) هه‌زاره‌وه گه‌یاندبوه (160) هه‌زاركه‌س، ئه‌مه‌ش هۆكاربوه بۆ زیادبونی خاشاكو زبڵی شاره‌كه، ئه‌و وتی"ئێمه ته‌نها یه‌ك ئۆتۆمبیلی زبڵ‌و خاشاك كۆكهرهوهمان هه‌یه‌و پێشتر 16كرێكارمان له‌به‌رده‌ستدابوو كه لهدیالهوه رۆژانه به گرێبه‌ست رۆژی به 6هه‌زار دینار ئیشی بۆ ده‌كردین، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌هۆی كه‌می پاره‌كه‌یانه‌وه وازیانهێنا، دواتر دیاله پێیانوتین ته‌نانه‌ت به‌عقوبه كه ناوه‌ندی پارێزگایه هیچ پڕۆژه‌یه‌كی پاكوخاوێنی تێدانیه‌و لهزبڵخانه ده‌چێت، ئیتر چۆن ده‌توانین پڕۆژه‌ی پاكوخاوێنی یان بودجه بۆ خاوێنی خانه‌قین دابینبكه‌ین!"
له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا سه‌میر محه‌مه‌د وتیشی "ئێمه‌ش په‌نامان برد بۆ حكومه‌تی ههرێمو ئه‌وانیش ئێستا 30 كرێكاریان بۆ دامه‌زراندوین به گرێبه‌ستی مانگانه‌و بۆ هه‌ر كرێكارێك (250) هه‌زار دیناریان ده‌ده‌نێ.
له‌كۆتایی وته‌كانیشدا وتی "به‌م توانا كه‌مه‌وه لهكرێكارو ئامێر‌و بێ پاره‌ییه‌وه ناتوانین ده‌ره‌قه‌تی پیسی‌و خاشاكی خانه‌قین بێین‌و بۆمان كۆنترۆڵناكرێت".