ئێران ره‌چاوی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌ییه‌كانی نه‌كردووه‌ بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ن

xaneqin_elwen-240711.jpgسایتی (خەندان):

په‌رله‌مانتار سالار مه‌حمود سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ شاری‌ خانه‌قین له‌ گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ئیداره‌ی‌ شاری‌ خانه‌قین ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كانی جه‌له‌ولا‌و سه‌عدیه‌‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شاری‌ خانه‌قین‌و چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ ئانجومه‌نی‌ سه‌عدییه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌دواداچونیان كردوووه‌ بۆ كێشه‌ی وشككردنی ئاوی ئه‌ڵوه‌ن له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌.
وتیشی:"سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ دوو مه‌به‌ست بووه‌، كه‌ مه‌به‌ستێكیان بۆ تاوتوێكردنی‌ هۆكاره‌كانی‌ وشككردنی‌ ئاوی‌ ئه‌ڵوه‌ن‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگاچاره‌ی‌ گونجاو بۆی، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی‌ دووه‌میش بۆ به‌رچاوڕوونی‌‌و ده‌ستكه‌وتنی‌ كۆمه‌ڵێك ئاماربووه‌ له‌ باره‌ی‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ سه‌عدییه‌‌و جه‌له‌ولا‌و مه‌نده‌لی‌ به‌ رامبه‌ر به‌ كورده‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت".

سالار مه‌حمود، روونشیكرده‌وه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌ه‌یاندا سه‌رنج‌و تێبینییه‌كانی‌ ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌یان له‌باره‌ی‌ هه‌ردوو كێشه‌كه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.

وتیشی:"داخوازییان هه‌بوو له‌وه‌ی‌ په‌له‌ بكرێت له‌ هێنانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و ئاور بدرێته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزارییان بۆ ئه‌نجام بدات".

ئیداره‌ی‌ خانه‌قین به‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ ڕاگه‌یاندووه‌: پارێزگای‌ دیاله‌ به‌هێچ شێوه‌یه‌ك هاوكارییان ناكات‌و پرۆژه‌ی‌ گرنگیان بۆ ئه‌نجام نادات، له‌ كاتێكدا له‌ رووی‌ ئیداری‌‌و یاساییه‌وه‌ خانه‌قین سه‌ر به‌ پارێزگای‌ دیاله‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی‌ ئاوی‌ ئه‌ڵوه‌نیش، ئیداره‌ی‌ خانه‌قین بۆ وه‌فده‌كه‌یان روونكردووه‌ته‌وه‌: به‌شێك له‌ ئاوی‌ ئه‌ڵوه‌ند ده‌گیرێته‌وه‌‌و به‌شێكیشی بۆ كاری‌ كشتوكاڵی‌ به‌كار ده‌هێنرێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ سالار مه‌حمود وتی‌: "ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی به‌و رێژه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ پێی پێوه‌ری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و رێچكه‌ی‌ رووبار له‌ نێوان وڵاتاندا، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێران ره‌چاوی‌ ئه‌و پره‌نسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ ناكات، بۆیه‌ كێشه‌ی‌ ئاو و ئاوه‌دانی‌ هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌".

دواتر وه‌فده‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ له‌پێناو ئه‌ڵوه‌ند كۆبوونه‌وه‌‌و كۆمه‌ڵێك سه‌رنج‌و داواكارییان داوه‌ته‌ ده‌ست وه‌فده‌كه‌، سالار مه‌حمود باسی ئه‌وه‌شیكرد: شانده‌كه‌یان هه‌موو ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌نه‌ راپۆرت‌و ئاراسته‌ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ ده‌كه‌ن‌و دڵنیایی خۆشی پیشاندا له‌وه‌ی : "بڕیاری‌ گرنگیان له‌ باره‌وه‌ ده‌درێت".

هاوكات سه‌لام عه‌بدوڵا، سه‌رپه‌رشتیاری‌ لیژنه‌ی‌ له‌ پێناو ئه‌ڵوه‌ن، له‌باره‌ی‌ سه‌ردانی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ خه‌ندان وتی‌: "یاداشتێكمان دایه‌ ده‌ست هه‌موو ئه‌ندامانی‌ وه‌فده‌كه‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ (25) په‌رله‌مانتار‌و تیایدا داوامانكردووه‌ وه‌فدێك ره‌وانه‌ی‌ ئێران بكرێت بۆ تاوتوێكردنی‌ كێشه‌كه‌‌و هه‌روه‌ها داواشمان كردووه‌ قه‌ره‌بوی‌ زیانلێكه‌وتوانی‌ بڕینی ئاوی‌ ئه‌ڵوه‌ند بكرێته‌وه‌‌و به‌ تانكه‌ریش ئاو بۆ ئه‌و گوندانه‌ دابین بكرێت كه‌ به‌هۆی‌ بڕینی ئاوی‌ ئه‌ڵوه‌نده‌وه‌ له‌م هاوینه‌ گه‌رمه‌دا بێ ئاوبوون".

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site