Feed not found.
Feed not found.

كۆبونەوەی لیژنه‌ی هاوبه‌شی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی خانه‌قین و جه‌له‌ولا و قزرەبات

parlamane-kurdistan  slaed.jpgسایتی (کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان):

لیژنه‌كانی مافی مرۆڤ و ناوخۆو پێشمه‌رگه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، پێشوازیان له‌وه‌فدێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم له‌ناوچه‌كانی خانه‌قین و جه‌له‌ولاو قزرەبات كرد كه‌ به‌ مه‌به‌ستی روونكردنه‌وه‌ی بارودۆخی ناهه‌مواری ئه‌و ناوچانه‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانیان كردبوو.

سه‌ره‌تا قائیمقامی قه‌زای خانه‌قین به‌ تێروته‌سه‌لی باسی له‌سه‌رجه‌م ئه‌و گرفت و كێشانه‌ی كه‌ روبه‌ڕووی قه‌زای خانه‌قین ده‌بێته‌وه‌ له‌رووی ئاواره‌بوونی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی سیڤیلی ناوچه‌ی جه‌له‌ولا كرد هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتووانی عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌كه‌و دووره‌ ده‌ستی خزمه‌تگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم.
دواتر  به‌رپرسانی قه‌زای جه‌له‌ولاو قزرەبات به‌تێروته‌سه‌لی باسیان له‌هه‌موو ئه‌و ته‌وژمه‌ ترسناكانه‌ی شۆڤێنیانی عه‌ره‌ب و ناحه‌زانی كورد له‌ناوچه‌كه‌ كرد كه‌ به‌ پاڵپشتی رێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌كان ئه‌نجامیده‌ده‌ن، هه‌ر له‌كوشتن و رفاندن و تۆقاندن و نه‌هێشتنی ئارامی له‌ناوچه‌كه‌و گۆڕینی شێوازی تیرۆر به‌ڕویه‌كی تر به‌مه‌به‌ستی ناشرینكردنی رووی كورد له‌ناوچه‌كه‌و گرتنه‌به‌ری شێوازێكی نابه‌رپرسانه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ ئاواره‌ پێكردنی كورد له‌و سنوره‌ دا.
له‌لایه‌كی تر ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ستخۆشیان له‌حكومه‌تی هه‌رێم كرد به‌ ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌و پاراستنی سنوره‌كان بۆ پارێزگاری كردن له‌دانیشتوانی كوردی ناوچه‌كه‌و هیوای ئه‌وه‌ش خوازرا كه‌ هه‌وڵبدرێت به‌جێگیركردنی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌دا چونكه‌ به‌كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ره‌نگه‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر بچێت، هه‌روه‌ها جارێكی تر داوه‌تكردنی په‌رله‌مانتاران بۆ سنوری جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ دووباره‌ كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆر له‌نزیكه‌وه‌ كێشه‌وگرفته‌كان ببینرێت و بتوانرێت زۆر به‌ جدیتر له‌په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری كۆتایی بدرێت له‌باره‌ی ئه‌و ناوچانه‌و هه‌وڵبدرێت سنورێك دابنرێت له‌ئاست هه‌موو ئه‌و مه‌ینه‌تی و ئازارانه‌ی كه‌خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ به‌شداربووه‌كان بڕیاریاندا له‌كاركردنی به‌رده‌وامدابن به‌تایبه‌تی له‌هۆڵی په‌رله‌مان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاوو پته‌و بۆ كۆتاییهێنان به‌كێشه‌و گرفته‌كانی ئه‌م ناوچانه‌، له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامیه‌كی به‌په‌له‌ بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌رئه‌مڕۆ د.كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌فدی ئیداری خانه‌قین و جه‌له‌ولاو قزرەبات كرد كه‌ له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاو قائیمقامی خانه‌قی و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحیه‌ی جه‌له‌ولاو قزرەبات و سه‌رۆكی شاره‌وانی خانه‌قین و نه‌فتخانه‌ پێكهاتبوون.
له‌دیدارێكدا قائیمقامی خانه‌قین به‌ناوی ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌وه‌ خۆشحاڵی خۆیان به‌ دیداری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان نیشانداو به‌ وردی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ره‌وشی شاری خانه‌قین و جه‌له‌ولاو قزرەباتیان له‌ رووی وشككردنی رووباری ئه‌ڵوه‌ن و بارودۆخی ئه‌منی جه‌له‌ولاو قزرەبات و ئه‌و هێرش و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ تیرۆریستان له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رپایان كردووه‌ باسكرد، پاشان تیشكیان خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تائێستا ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووانی سڤیلی ناوچه‌ی جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ بونه‌ته‌ ئارمانجی تیرۆریستان له‌كاتێكدا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی عیراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ به‌رقه‌رار بكات و گیانی هاووڵاتیان بپارێزێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه‌ ده‌ستی غه‌در دژ به‌ كورد زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ تا راده‌ی ئه‌وه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ له‌ پێناو پاراستنی گیانیان ده‌ربه‌ده‌ر بن و شوێنی خۆیان جێ دێڵن و له‌بری ئه‌وان خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌شوێن و ماڵیان نیشته‌جێده‌بن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی فیدراڵی ناوی نه‌وت خانه‌ی بۆ عملیات دیالی گۆڕیوه‌و له‌رووی ئیداریه‌وه‌ له‌ سه‌ر كۆمپانیای نه‌وتی باكور لابراوه‌و خستویانه‌ته‌ سه‌ر كۆمپانیای نه‌وتی ناوه‌ڕاست، هاوكات گرفته‌كانی به‌رده‌م گرتنه‌وه‌ی ئاوی رووباری ئه‌ڵوه‌ن-یان خسته‌ڕوو كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ گیراوه‌ته‌وه‌و وشككراوه‌.
سه‌ره‌ڕای كه‌می خزمه‌تگوزاری و ئاسته‌نگی به‌رده‌م كاری ئیداری له‌و شوێنانه‌ی كه‌ كورد تیایدا به‌رپرسن.
له‌به‌رامبه‌ردا د.كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌گه‌رمی پێشوازی له‌ وه‌فده‌كه‌ كردو رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌ هه‌ند وه‌رگیراوه‌و ناكرێت شوێنێك یا پارچه‌یه‌كی خاكی كوردستان بێت و تا ئێستا له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش به‌ریفراندۆم و به‌پێی مادده‌ی 140 دیاری ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی راگه‌یاند ئه‌ركی هه‌رێمی كوردستانه‌ گیانی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ له‌ مه‌ترسی تیرۆریستان بپارێزێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ناوچه‌كه‌ چوون و جێگیر ده‌بن و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌پویه‌ندی ته‌واودایه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی بۆ كۆتاییهێنان به‌و بارودۆخه‌ ناله‌باره‌و راگرتنی هاوسه‌نگی له‌نێو سوپای فیدراڵی و پۆلیس و ئاسایش، دڵنیاشی كردنه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ستیاری و گرنگی چاودێری بارودۆخه‌كه‌ ده‌كات و دوێنێش له‌ كه‌ركوك نوێنه‌رانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵی و نوێنه‌ری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دانیشتنێكیان ئه‌نجامداوه‌و حه‌وت خاڵیشیان پێشكه‌شكردووه‌.


Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site