خانه‌قین.. بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاڵێوگه‌ی ئه‌ڵوه‌ن هه‌ڵمه‌تی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد

سایتی (PUKmedia55.jpg):

لیژنه‌ی به‌رگریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كان، له‌پێناو دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ی كاره‌با له‌ نه‌فتخانه‌و پاڵاوگه‌ی ئه‌ڵوه‌ن له‌ شاری خانه‌قین، هه‌ستان به‌ هه‌ڵَمه‌تێكی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری شاره‌كه‌دا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌لام عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌رگریكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌كان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌و هه‌ڵمه‌تی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ نه‌فتخانه‌ بڕێكی زۆر گازی سروشتی هه‌یه‌، به‌پێی بۆچوونی شاره‌زاو پسپۆڕه‌ تایبه‌تیه‌كانی ئه‌و بواره‌ ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی ٥٠ ساڵ كاره‌با به‌رهه‌مبهێنێت و رۆژانه‌ش ٥٠ میگابایت كاره‌با بداته‌ ناوچه‌كه‌.
وتیشی: له‌ماوه‌ی رابردوودا شاری خانه‌قین پاڵێوگه‌ی ئه‌ڵوه‌نی هه‌بوو بۆ پاڵاوتنی نه‌وتی (نه‌فت خانه‌)، به‌ڵام ئه‌و پاڵێوگه‌یه‌ له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسی پێشووه‌وه‌ ته‌ختی زه‌وی كرا، ئێمه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ ده‌مانه‌وێت دووباره‌ پاڵێوگه‌ی ئه‌ڵوه‌ن بۆ ناوچه‌كه‌ دابندرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆری ده‌ستی بێكاری له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌مده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئابوری، هه‌روه‌ك هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش به‌چه‌ندین هه‌نگاو كۆتایی پێده‌هێنین و یه‌كه‌م هه‌نگاویش هه‌ڵمه‌تی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌یه‌، دووه‌م هه‌نگاویش چه‌ندین پیشه‌نگا ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌و له‌كۆتا هه‌نگاویشماندا له‌چاپدانی نامه‌یلكه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین وێنه‌ی فۆتۆگرافی جۆراوجۆر له‌ خۆده‌گرێت سه‌باره‌ت به‌ پاڵێوگه‌ی ئه‌ڵوه‌ن و به‌شه‌كانی و چۆنیه‌تی كاركردنی له‌وێدا.
له‌كۆتادا سه‌لام عه‌بدوڵڵا وتیشی: ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌یه‌ درێژه‌ی ده‌بێت تا كۆكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار ئیمزاو به‌مه‌ش وه‌كو یاداشتێك ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ین، چونكه‌ ته‌نها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، خه‌مخوری ناوچه‌كه‌یه‌و له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پشتگوی خراوین.

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site