Feed not found.
Feed not found.

خانه‌قین، گوندی مه‌حمود قه‌جه‌ر به‌ره‌و چۆڵبوون ده‌چێت

 سایتی (PUKmedia):

به‌هۆی نه‌بوونی كاره‌باو كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌و نه‌بوونی بنكه‌ی ته‌ندروستی، گوندی مه‌حمود قه‌جه‌ر كه‌ كۆنترین و گه‌وره‌ترین گوندی سنووری ناحیه‌ی قۆره‌تووی سه‌ر به‌قه‌زای خانه‌قی-ه‌ له‌ئێستادا ته‌نها  ١٢ ماڵی تیادایه‌.

حه‌مید عه‌بدوڵڵا ئه‌نجومه‌نی گوندی مه‌حمود قه‌جه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: گونده‌كه‌مان ته‌نها ١٢ ماڵی تێدا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ ٧  له‌و ماڵانه‌ عه‌ره‌بن و له‌ناوچه‌كانی خوارووی عیراقه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی شوانكاری هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ڕوماڵات به‌خێوبكه‌ن، ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم زۆر به‌كه‌می ئاوڕی لێداوینه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری نه‌هاتووه‌ته‌ گونده‌كه‌مان، بۆیه‌ رۆژانه‌ دانیشتوانی ئه‌م گونده‌ روو له‌شار ده‌كه‌ن و گونده‌كه‌یان چۆڵده‌كه‌ن.

وتیشی: ئه‌م گونده‌ لانكه‌ی ته‌واوی ئه‌و شۆڕشانه‌ بووه‌ كه‌ له‌سنووری گه‌رمیاندا به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی خانه‌قی كه‌ روویانداوه‌و مۆڵگه‌ی چه‌ندین سه‌ركرده‌بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌شێكی زۆری پێشمه‌رگه‌ بوون و شه‌هیدێكی زۆریشمان له‌شۆڕش و راپه‌رینه‌كاندا هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا كاره‌باو ئاومان نیه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریدا كاره‌باو ئاو هه‌یه‌.

فه‌وزیه‌ فه‌ره‌ج كه‌ ژنێكی دانیشتووی ئه‌و گونده‌یه‌ ئه‌ویش گله‌ییه‌كانی ده‌خاته‌ پاڵ گله‌ییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی گونده‌كه‌ی و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌  ٢٥ ساڵه‌ له‌م گونده‌دا ده‌ژی، به‌ڵام ئێستا بێ ئاوی و بێ كاره‌بایی وایلێكردوون كه‌ به‌ناچاری مه‌ڕوماڵات و شوێنی باب و باپیران به‌جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شار، بۆیه‌ داواكارن له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سالار فه‌تاح به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی قۆره‌توو له‌باره‌ی كێشه‌كانی ئه‌و گونده‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: دیاره‌ به‌هۆی سروشتی خاكه‌كه‌ی ئه‌و گونده‌ ئاوی كه‌می تێدایه‌و كه‌م ئاوییه‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زه‌وییه‌كه‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی بیری ئیرتیوازی تێدایه‌، له‌باره‌ی كاره‌باشه‌وه‌ هه‌ستمان به‌وه‌كردووه‌و ئه‌و داوایه‌مان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، بڕیار وایه‌ به‌منزیكانه‌ راكێشانی كاره‌بای نیشتمانی بۆ ئه‌و گونده‌ ده‌ستپێبكات و كێشه‌ی كاره‌بای بۆ چاره‌سه‌ربكرێت، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و گونده‌ ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ته‌و ئه‌وپه‌ری هه‌وڵده‌ده‌ین بۆ بوژاندنه‌وه‌ی گونده‌كانی سه‌ر به‌ناحیه‌كه‌مان.

 

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site