فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ قایمقامی خانه‌قین ده‌رده‌چێت

سایتی (خه‌ندان):b_200_0_16777215_01_images_stories_xaneqin.jpg

به‌پێی زانیارییه‌كانی خه‌ندان ، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (7ی كانوونی دووه‌می 2014) فه‌رمانی ده‌ستگییركردن بۆ محه‌مه‌د مه‌لا حه‌سه‌ن، قایمقامی قه‌زای خانه‌قین ده‌رچووه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی ماده‌ی 335 له‌ یاسای سزادانی عیراق كه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیی.


سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ خه‌ندان_ی‌ راگه‌یاندووه‌ :" له‌سه‌ر سكاڵای‌ داواكاری‌ گشتی‌ خانه‌قین، سكاڵای‌ یاسایی به‌ تۆمه‌تی‌ به‌هه‌ده‌ربردنی‌ سامانی‌ گشتی‌ فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ محه‌ممه‌د مه‌لا حه‌سه‌ن، قایمقامی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین ده‌ركراوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، كه‌ پێشتر قایمقام چووه‌ته‌ دادگا، به‌ڵام داواكاری‌ گشتی‌ داوای‌ كردووه‌ له‌ كه‌لار ته‌میز بكرێته‌وه‌، وتیشی :" له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ دادوه‌ر، به‌پێی ماده‌ی‌ 335 له‌ یاسای سزادانی‌ عیراق فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردن بۆ قایمقامی‌ قه‌زای‌ خانه‌قین ده‌ركراوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ نووسراو ده‌كرێت بۆ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ عیراق، به‌مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێكردنی‌ فه‌رمانه‌كه‌، چونكه‌ قایمقامی‌ خانه‌قین سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆیه‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵه‌.

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site