پلانداڕێژه‌رانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ خانه‌قین ده‌ستگیركران

سایتی shweni-teqineweke.jpg(خەندان):

 به‌ تۆمه‌تی‌ پلانداڕێژی‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كه‌ی‌ كۆتایی مانگی‌ نیسانی‌ رابردووی‌ شاری‌ خانه‌قین، هه‌شت تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌شدا دانیان به‌و تۆمه‌تانه‌دا ناوه‌ كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌.

  سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ خه‌ندان-ی‌ راگه‌یاند: "له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كه‌ی‌ به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ له‌ خانه‌قین، گروپێك تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون و له‌ كاتی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا، دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌وان پلانداڕێژه‌ری‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ بوون".

 ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، كه‌ هه‌شت كه‌سه‌كه‌ ژماره‌یه‌كیان كوردن و دانیشتووی‌ قه‌زای‌خانه‌قین-ن و به‌شێكیان عه‌ره‌بن.

 هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ خه‌ندانی‌ وت: "جگه‌ له‌ دانپێدانانی‌ هه‌شت تۆمه‌تباره‌كه‌، هاوكات ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین كه‌لوپه‌ل و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ش كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ و كه‌سه‌ خۆكوژه‌كه‌ی‌ پێ‌ گواستراوه‌ته‌وه‌".

 خه‌ندان ئه‌وه‌شی‌ زانیوه‌، كه‌ جگه‌ له‌ به‌ئامانجكردنی‌ دۆست و لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتی‌، یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ یه‌كێتی‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ بووه‌.

 ئێواره‌ی‌ 28ی‌ نیسانی‌ رابردوو، له‌ كاتێكدا ده‌یان كه‌س له‌ لایه‌نگر و ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ نزیك مه‌ڵبه‌ندی‌ 8ی‌ خانه‌قینی یه‌كێتی، سه‌رقاڵی‌ ئاهه‌نگگێڕان بوون، خۆكوژێك له‌ ناوه‌ڕاستیاندا خۆی‌ ته‌قانده‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ ٣٨ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و زیاتر له‌ ٥٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، دواتر وابڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ كه‌سه‌ خۆكوژه‌كه‌ كوردێكی‌ دانیشتووی‌ سه‌رپێڵ زه‌هاوی‌ ئێران بووه‌ به‌ناوی‌ "خالید ئێرانی"، به‌پێی زانیارییه‌كانی‌ خه‌ندان، كه‌سه‌ خۆكوژه‌كه‌ سه‌ر به‌ گروپی ئه‌نسار سوننه‌ بووه‌.

 

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site