وردەكاری دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەی بەردەم مەڵبەندی یەكێتی لەخانەقین

سایتی (PUKmedia127181352014_985.jpg):

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی (بەشی ئۆپەراسیۆن و لێكۆڵینەوە) و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك بەهاوكاری و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر

لەچوارچێوەی ژوری ئۆپەراسیۆن (ئاسایش و زانیاری) كە تایبەتن بەچاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر گروپە تیرۆرستەكان لە عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، لەماوەی چەند مانگی رابردووداو لەدوای تەقینەوەكەی هەولێر ٢٩-٩-٢٠١٣ تەقینەوەكانی كەركوك و شاری سلێمانی لە مانگی (١٢ ی ٢٠١٣) و مانگی (١ی ٢٠١٤ )،  بەدواداچوونی وردیان دەكرد بۆ دۆزینەوەو گەیشتن بەسەۆرچاوە ئەساسیەكانی ئەو گروپانەی كە وەك و شانەی نوستو كاردەكەن لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان.

دیارە دامودەزگا ئەمنییەكان و هەواڵگرەكانی سنورەكەمان توانییان كۆمەڵێك لەئەندام و سەرچاوەی كاریگەری لەناو ئەو گروپانە كە دەستیان هەبوو لەرفاندن و تیرۆركردنی شۆفێرەكانی كەركوك و  هەروەها ئەوانەی دەستیان هەبوو لەهەوڵدان بۆ تیرۆركردنی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە، بەرنامە رێژییان بۆ لێدانی دەزگای ئاسایش و ئاسایشی سلێمانی و  چەندەها ئامانجی گرنگ لەناو شاری سلێمانی ، شەونخونی كارمەندان و بەپرسانی دام و دەزگای ئاسایش و زانیاری لەماوەی رابردوودا توانییان زۆربەی ئەو تیرۆرستانەی كە كاریان دەكردو لە ناو ئەو گروپانەی كەسەر بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)  دەستگیر بكەن و رادەستی یاسایان بكەن،  لەوانە ئەو گروپەی ناسراوە بە گروپی (هێمن تیژە)و پەیوەندییان بەچەند كەسێكەوە هەبووە لە سنوری گەرمیان.

بۆیە بەردەوام  بوون لە چاودێركردنی هەندێك لەو گروپانەی كە چەندەها ساڵە هێزە هاوپەیمانەكان بەدواداچونیان بۆ كردووە، بەڵام نەگەیشتبونە ئەنجام ئەویش گروپێكە كە ناسراوە بە (گروپی ابو حدود) سەربەدەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام (داعش) كە زیاتر گومان دەكرا لە سنوری گەرمیان جموجۆڵیان هەبێت، ژوری ئۆپراسیۆنی ئاسایش و زانیاری لەچاودێری ووردی ئەم گروپە بوون، بەڵام لەگەڵ رودانی كارەساتە دڵتەزێنەكەی تەقینەوەی شاری خانەقین (٢٨-٤-٢٠١٤) دەستبەجێ‌ (ژوری ئۆپراسیۆن) كەوتە كاری مەیدانی بەتایبەتی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و تیمەكانی دژەتیرۆر بەهاوكاری تەواوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و  لە ماوەیەكی كورتدا بەشەنخونی هەمووكارمەندان و بەرپرسانی ئەو دەزگایە چالاكانەو دڵسۆزانە توانییان سەرەداوێكی گرنگ دەستبكەوێت لەسەر ئەندامی گروپی (ابو حدود).

دیارە لەو كاتانەدا كە زۆر گرنگ و حەساس بوو حاكمە بەڕێزەكانی ناوچەكە دڵسۆزانە هاوكاری تەوای دام و دەزگاكانیان دەكردو توانراوە زۆربەی عەناسرە ئەساسیەكانی ئەو گروپە دەستگیر بكەن، دیارە ئەم گروپە كارەكانیان لەلایەن بەرپرسانی رێكخراوی تیرۆرستی (داعش) سەرپەرشتی دەكرا هەر لەهێنانی خەڵكی خۆكوژ لە دەرەوەی وڵات و سەرپەرشتیكردنی هێنان و حەوانەوەیان و دابینكردنی هەموو جۆرە پێداویستییەكانیان لەگەڵ و پەل و مەوادی تەقینەوە لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عیراقدا.

ئەو كەسانەی دەستگیر كراون بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی چەندەها كاری تیرۆرستی لە شارەكانی (جەلەولا، سەعدییە، دوز، كەركوك و شوێنەكانی تری كوردستان و عیراق) و  بەرپرسیارن لە هێنانی چەندەها كەسانی خۆكوژو تیرۆرست لە دەرەوەی وڵات.

زۆربەی عەناسرە ئەساسیەكانی ئەم گروپە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دەستگیركراون، لەبەردەم دادوەرانی بەڕێز دانیان ناوە بەتاوانەكانیان و دڵنیایی خەڵكی بەشەرەفی كوردستان و عیراق دەكەین كە كارمەندو لێپرسراوانی دامودەزگاكانی ئەمنی و هەواڵگری شەونخونی دەكەن و چالاكانەو دڵسۆزانە بەردەوام بووین و دەبین .
بۆ روبەروبونەوەی تیرۆرو تیرۆرستان لە هەشوێنێك بن وە ئەوانەی هەڵاتوون لەدەستی یاسا بەدواداچوونی ورد دەكەین بۆ ئەوەی رادەستی یاسایان بكەین و سزای یاسایی بدرێن.

دووبارە پەیمان دەدەین بە خوێنی هەموو شەهیدانی گەل و نیشتمان كە بەردەوام بین بۆ دۆزینەوەی هەموو ئەو تیرۆرستانەی دەستیان هەبووە لەتیرۆركردنی هاووڵاتیانی ئەم نیشتیمانە تاكو روبەڕووی یاساو عەدالەتیان دەكەینەوە .

ئەوانەی دەستگیر كراون و  روبەروی حاكم و یاسا كراون دانیان ناوە بەتاوانەكانیاندا دەستیان هەبووە لە هێنانی تیرۆرستی خۆكوژو دابینكردن شوێنی حەوانەوەیان و دابینكردنی هەموو جۆرە پێداویستی كەل و پەلی تەقەمەنی، پارەی پێویست و گواستنەوەیان بۆ ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان و عیراقدا جگە لە خانەقین ئەمانەی خوارەوە كە  شەشیان كوردن لەمانە، یەكێكیان كوردی ئێرانییە لە خانەقین دادەنیشێت، یەكێكیان عەرەبە (ا.م.ك / ر.ی.س/ م.م.ح/ح.ا.ع/ ع.ج.خ/ ا.ح.ر/ ش.ع.ح ) .

ئەوەی كە بەڕەگەز كوردی ئێرانە لەو كەسانەن كە پێشتر لە ( رومادی) دانیشتون و ئێستا لە خانەقین دادەنیشن .
ئەو كەسەش كە عەرەبە هەر لە خانەقین دادەنیشێت.

 

https://www.youtube.com/watch?v=ZMcjzL3LPc4

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site