جوتیارانی‌ گوندێك له‌خانه‌قین سكاڵا تۆمارده‌كه‌ن

سایتی خانەقین(هاوڵاتی):‌
ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ جوتیاره‌كانی‌ گوندی‌ ئیداره‌ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ خانه‌قین دانراوه‌ كه‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كانی‌ چیاسورغ ده‌كه‌وێته‌ نێو زه‌ویه‌كانیانه‌وه‌، ناڕه‌زایه‌تی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌و جوتیاره‌كان بڕی‌ پاره‌كه‌ به‌”كه‌م” وه‌سفده‌كه‌ن.

یڵگه‌ی‌ نه‌وتی‌ چیاسورغ ده‌كه‌وێته‌ گوندی‌ ئیداره‌ی‌ باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ خانه‌قینه‌وه‌ كه‌ كۆمپانیای‌ گه‌نه‌ل ئینته‌رجی‌ كاری‌ تێدا ده‌كات، بڕی‌ ٢٨٢ ملیۆن دینار دانراوه‌ بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ ١٢ جوتیار كه‌ زه‌ویه‌كانیان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ كاری‌ تێدا ده‌كرێت.

ئه‌و جوتیارانه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن له‌به‌ر “كه‌می‌” بڕه‌ پاره‌كه‌ وه‌ریناگرن‌و سكاڵای‌ یاسای‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم تۆمار ده‌كه‌ن، به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پسپۆر بڕی‌ پاره‌كه‌ی‌ دیاریكردوه‌.
كاروان ئه‌حمه‌د دانیشتوی‌ گوندی‌ ئیداره‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد ٣٣ دۆنم زه‌ویان له‌لایه‌ن كۆمپانیا نه‌وتیه‌كه‌وه‌ كاری‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتی‌ تێدا ده‌كرێت، كه‌چی‌ ٣٣ دۆنم زه‌وییه‌كه‌ كراوه‌ته‌ بیست دۆنم بۆیان.
رونیشیكرده‌وه‌ “له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و بیست دۆنم زه‌ویه‌دا ٣٩ ملیۆن‌ و شه‌شسه‌د هه‌زار دینارمان بۆ دانراوه‌ بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ، به‌مپێیه‌ بۆ هه‌ر دۆنمێك بۆ ماوه‌ی‌ ساڵێك شه‌شسه‌دو شه‌ست هه‌زار دینار دانراوه‌”.
كاروان جه‌ختیشیكرده‌وه‌ وه‌كو جوتیاره‌كان بڕیاریانداوه‌ پاره‌كه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌و سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌ت تۆماربكه‌ن.
ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌وه‌ به‌جوتیاره‌كان ده‌درێت له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ له‌كشتوكاڵ‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان‌و ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ خه‌مڵێنراوه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌روبومی‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌ر دۆنمێك زه‌وی‌.
رامیار عه‌بدولڕه‌حمان به‌رپرسی‌ به‌شی‌ یاسایی‌ كشتوكاڵی‌ گه‌رمیان، به‌هاوڵاتی‌ راگه‌یاند “به‌پێی‌ بڕیارێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران هه‌ر جوتیارێك زه‌وییه‌كه‌ی‌ به‌هۆی‌ ده‌رهێنانی نه‌وته‌وه‌ زیانی‌ به‌ربكه‌وێت قه‌ره‌بوده‌كرێته‌وه‌”.
ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد ئه‌و جوتیارانه‌ به‌شێكیان كۆمپانیاكان هاتوچۆ به‌ناو زه‌ویه‌كانیاندا ده‌كه‌ن و زیان به‌به‌روبومه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا ساڵانه‌ هه‌ر مه‌ترێك به‌ ٢٢٥ دینار قه‌ره‌بو ده‌كرێنه‌وه‌.
رامیار عه‌بدولره‌حمان، باسیله‌وه‌شكرد سه‌باره‌ت به‌و زه‌ویانه‌ی‌ گوندی‌ ئیداره‌ كه‌ بیره‌ نه‌وتیه‌كانی‌ چیاسورغی‌ تێدایه‌، ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌كان موڵكی‌ بێت بۆ هه‌ر دۆنمێك ساڵانه‌ ١٢٠ هه‌زار دینار به‌خاوه‌نه‌كانیان ده‌درێت، ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌كانیان (حه‌قی‌ ته‌سه‌روف) بێت بۆ هه‌ر دۆنمێك هه‌ر ١٢٠ هه‌زاریان پێده‌درێت و ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و گونده‌ هه‌ردو جۆره‌ زه‌ویه‌كه‌ی‌ تێدایه‌.
ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر قه‌ره‌بوی‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ دروستبێت كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانه‌وه‌ كاری‌ تێدا ده‌كرێت، له‌دوای‌ هاتنی‌ به‌لێشاوی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دامه‌وه‌ له‌ساڵی‌ ٢٠٠٣ بۆ هه‌ریمی‌ كوردستان، چه‌ندین كێشه‌ی‌ له‌و شێوه‌یه‌ روبه‌ڕوی‌ كۆمپانیاكان و وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان بونه‌ته‌وه‌.
سه‌ردار محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ قۆره‌تو، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد بیری‌ ژماره‌ ده‌و یانزه‌ی‌ چیاسورغ زه‌وی‌ دوانزه‌ جوتیاری‌ به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ بریاردراوه‌ به‌قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ جوتیاره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌روبومی‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌ردۆنمێك زه‌وی.

 

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site