نامەکانی جەبار فرمان بۆ دکتورەکانی شۆرش

b_200_0_16777215_01_images_stories_Fayeq-Golpe.jpg نامەکانی جەبار فرمان بۆ دکتورەکانی شۆرش
کاک جەبار فرمان یەک لە سەرکردە سیاسی و سەربازیە بە دسپڵینەکانی ینک بو، پێش ئەوەی پەیوەندی بە هیزی پێشمەرگەوە بکات ئەندامێکی چالاکی کۆمەلەی رەنجدەرانی کوردستان بوە،دوای کارەساتی ساڵی ١٩٧٥، دەسستی بە چالاکی سیاسی کردوە،لەبەر چالاکی سیاسی، لەگەڵ شەهید شیهاب و شەهید جەعفەر و شەهید ئەنوەر و ژمارەیەکی تر لە هاورێکانی لە لایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکرا و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
ئەوەی من لە هاورێکانی کاک جەبار فرمانم بیستبو،سێ ساڵی ژیانی زیندانی بەو پەری ورەبەرزی و روسوریەوە بەسربردوە و هەڵویستی قارەمانانەی نیشانداوە.دوای ئازادبونی لە زیندان ساڵی ١٩٧٩ پیوەندی بە هێزی پیشمەرگەی کوردستانەوە کردوە.
سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ کاتێک بریارمدا پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بکەم،رێکخستنی ناوشاری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان تەزکیەی بۆ کردم،وتیان کە گەیشتیتە ناوچەی رزگارکراو، بە گوێرەی ئەو ناوچانەی تێیدا دەمێنیتەوە، دەتوانیت ئەو تەزکیەیە بدەیت بەو ناوانە،یەک لە ناوەکان،ناوی رەحمەتی کاک جەبار فرمان بو.
ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣ کاتێک من پزیشکی مەڵبەندی دوی ینک بوم، لە گوندی سەرگەڵو بنکەیەکی تەندروستیم دانا،ئەو کاتە کاک جەبار بەرپرسی رێکخراوی کۆمەڵە(کۆرەک) بو، لە گوندی هەڵەدن بارەگای رێکخراوی گوندی دانابو.
وەک بەرپرسیارێکی رێکخستنی کۆرەک،کاک جەبار گرنگی زۆری بە کاروباری رێکخستن و پەروەردەی ئایدۆلۆجی دەدا،بەڵام لە هەمان کاتدا، پێش هەر سەرکردەیەکی تری ئەو کاتەی ینک و کۆمەڵە، گرنگی تەواوی بە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی دەدا،رێزی لە پزیشکان و کارمەندانی تەنددروستی دەگرت، دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان دابین دەکرد.
بە بێ ئەوەی ئەندامی مەڵبەند بێت،بە بێ ئەوەی نەخۆشخانە ،یان مەڵبەند داوای لێبکەن،بە بەردەوامی لە رێگەی رێکخستنی ناوشاری سلێمانیەوە دەرمان و پێداویستی تری نەخۆشخانەی بۆ نەخۆشخانەی سەرگەڵو دابین دەکرد،زۆربەی دەرمان و پێداویستیەکان لە رێگەی کاک جەبار یاوەرەوە دەگەیشتە نەخۆشخانەی مەڵبەند لە سەرگەڵو،ئەو کات جەبار یاوەر ئەندامی کەرتی رێکخستنی دوکان بو،بەرپرسیاری رێکخستنی پۆلی پێشمەرگەی مەڵبەند بو.
رەحمەتی کاک جەبار فەرمان نەک هەر لە رێگەی ریکخستنی ناو شارەوە دەرمانی دابین دەکرد،لە هەمان کاتدا،چاودێری گەیشتنی دەرمان و پیداویستیەکانیشی دەکرد،من نەمزانیبو لە یەکێ لە گوندەکانی نزیک شاری سلێمانی کەسێک خۆی کردبو بە دکتور و ئەو دەرمانانەی لە شارەوە دەهاتن،دەستکاری دەکرد و برێکی لای خۆی گلدەدایەوە،رەحمەتی بەورەفتاری ئەو برادەرەی زانیبو،رۆژێکیان پێشمەرگەیەک بە باری هێسترێکەوە هاتە لام بۆ سەرگەڵو،نامەیەکی دایە دەستم و وتی ئەوە نامەی کاک جەبارە،کە نامەکەم خوێندەوە، نوسیبوی وا داڵ فڵانم جل و دەرمان کرد و شتەکانیم بۆ ناردیت.
کاک جەبار فەرمان زۆر بە تەنگ ئێش و ئازاری خەڵک و پێشمەرگەوە دەهات،ئەگەر بیزانیبایە لە هەر شوێنێک کەسێک پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە، ئاگاداری دەکردمەوە بچم بە دەمیەوە،منیش بەوپەری تواناوە بە دەمیانەوە دەچوم و داخوازیەکەی کاک جەبارم جێبەجیدەکرد.
لە شەوێکی زستانی ساڵی ١٩٨٣ دا ،کاک جەبار لە گوندی هەڵەدنەوە ،بە سواری هێسترێکەوە و بە نامەیەکەوە هاوڵاتیەکی ناردبو بۆ لام،کە نامەکەم خوێندەوە،نوسیبوی، لە گوندی هەڵەدن ژنێک منداڵی دەبێت، دەڵین ئازاری زۆرە،بەڵکو لەگەڵ هەلگری نامە بێیت و سەردانیبکەیت ودەرزی ئازاری بۆ بکەیت و هاوکاری بکەیت،ئەو پیاوەی لە گوندی هەڵەدنەوە هاتبو هاوسەری ژنە دوگیانەکە بو،منیش یەکسەر لەگەڵ ئەو پیاوە کە ناوی (هەژار) بو بەرەو هەڵەدن بەرێکەوتم،دوای جێبەجێکردنی کارەکەم شەو لە ماڵی کاک جەبار مامەوە و بۆ رۆژی دوایی گەرامەوە بۆ سەرگەڵو.
جارێکی تر بە مەفرەزەیەک پێشمەرگەدا نامەیەکی بۆ نوسیبوم، داوای دەکرد سەردانی دو پێشمەرگەی بریندار بکەم کە لە گوندی زێوێ بە برینداری دور لە خزمەتگوزاری پزیشکی مابونەوە،لەگەڵ پێشمەرگەکاندا بە کۆڵیک دەرمانەوە بە پێ، لە سەرگەڵو بۆ ماوی ١٧ سەعات بەرەو زێوێ رۆشتین،گەیشتینە لای بریندارەکان،بەو شیوەیە بە زوترین کات ئەرکی خۆمم جێبەجێکرد و داخوازیەکەی کاک جەبارم ئەنجامدا. 
لە بۆنەیەکی ینک دا، دەربارەی کاک جەبار پرسیارم لە دکتور زریان و دکتور شوان و دکتور محەمەد ئەمین کرد،وتم من کاک جەبار بە یەک لەو سەرکردانەی ینک دەزانم کە زۆر پشتیوانی لە پزیشکان و خزمەتگوزاری تەندروستی دەکات، ئیوە رەئیتان چۆنە؟،هەمویان لە یەک کاتدا وتیان کاک جەبار لەگەڵ ئێمەشدا زۆر باشبوە و لە ئەنجامدانی کارەکانماندا هاوکاری کردوین، رەئی ئێمەش لەسەر کاک جەبار وەک تۆ وایە. 
ساڵی ١٩٨٥ دوای درستبونەوەی شەری نێوان حکومەتی عراق و ینک،کاک جەبار بو بە بەرپرسی مەڵبەندی یەکی ینک،منیش بوم بە پزیشکی مەڵبەندی یەک،سەرەتا بنکەی تەندروستی مەڵبەند لە گوندێکی ناوچەی شارباژێر بو،دوای ماوەیەک نەخۆشخانەمان گواستمانەوە بۆ گوندی سێوسێنانی ناوچەی قەردەداخ،ئەو کاتەی کاک جەبار بەرپرسی مەڵبەند بو،نەخۆم و نە نەخۆشخانە، هیچ گیروگرفتمان نەبو،هەر پیویستیەکمان هەبایە بە زوترین کات بۆی جێبەجێدەکردین.
دوای ئەنفال و کیمیاباران، لە گوندی قاسمەرەشی سەرسنور،سەردانی کاک جەبارم کرد،لەو کاتەدا لە مەکتەبی سیاسی کاری دەکرد،داوامکرد پێناسێکی پیشمەرگایەتیم بۆ دروستبکات،پێناسەکەی بۆ کردم، سەیرم کرد پلەی حزبی بۆ دانەناوم ،لە شوێنی پلە حزبیەکە نوسیویەتی دکتور،وتم کاک جەبار ئەی من لە حزبدا پلەم نیە،بۆچی لەسەر پێناسەکەت پلەت بۆ دانەناوم،وتی دکتور بەرزترین پلە دکتوریە تۆ دکتوری بەرزترین پلەت هەیە،ئتر من بێدەنگ بوم.
دوای راپەرین لە ساڵی ١٩٩٥،رۆژێک سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری کرد و وتی دکتور لە نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی قاوشی پێشمەرگەمان کردۆتەوە وەرە سەرپەرشتی بکە ،هەوڵئەدەم لە ئایندەدا بیکەم بە نەخۆشخانە،من ئەو کاتە لە روی سیاسیەوە گۆرابوم و ئەمجارە نەمتوانی بە گویی کاک جەبار بکەم،بەلام ئەو بە بێ منیش لەسەر پرۆژەکەی خۆی بەردەوام بو، قاوشەکەی کردەوە و دکتور محەمد ئەمینی( پێشمەرگەی) راسپارد تا سەرپەرشتی بکات،هەر بەردەوام بو تا ئەو قاوشەی کرد بە بنکەی تەندروستی و دواتر کردی بە نەخۆشخانەی شۆرش و دەزگای تەندروستی پێشەرگەی ئێستە .
لە دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی کاک جەباردا،هەزاران سلاو لە روحی عاشقانەی تێکۆشانی ئەوسەرکردەیەی گەلی کورد، سلاو لە ئیرادەی بەرز و کۆڵنەدانی کاک جەبار فەرمانی پێشمەرگەو سەرکردەی مرۆڤدۆست.
دکتور فائیق گوڵپی 
٩-٨-٢٠١٧

 

b_200_0_16777215_01_images_stories_Jabar-farman.jpg

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site