مانگرتنی سەرتاسەریی لە خانەقین رادەگەیەنرێت

b_200_0_16777215_01_images_K-Kerindi.jpg

سایتی SNN

دانیشتوانی قەزای خانەقین مانگرتنی سەرتاسەری لەشارەكە رادەگەیەنن و داوا دەكەن هێزی پێشمەرگەو ئاسایش بگەڕێتەوە سنوورەكەو بەرپرسێكی یەكێتیش شێوازو ماوەی مانگرتنەكەدەخاتەڕوو، هاوكات هەنگاوی دووەم و سێیەمی دانیشتووانی شارەكە ئاشكرا دەكات.

 هێمن مەنسور جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەSNNی راگەیاند: وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەتێكچوونی دۆخی ئەمنی شارەكە، سبەینێ ٢١ی ٦ی ٢٠١٨، لەكاتژمێر ٨ی بەیانییەوە تا ١٢ی نیوەڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری لەقەزای خانەقین بەڕێوەدەچێت، داواشكراوە تەواوی دوكانەكانی شارەكە نەكرێنەوەو هیچ كەسێكیش لەماڵ نەیەتەدەرەوە.

وتیشی"دانیشتووانی شارەكە داواش دەكەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنووری قەزای خانەقین و دۆسێی ئەمنیی سەنتەری شارەكە بدرێتە دەستی هێزەكانی ئاسایشی هەرێم، چونكە خەڵك گومانی هەیە ئەو دۆخە ئەمنییە خراپە بەئەنقەست دروستكرابێت بەمەبەستی جێهێشتنی سنووری شارەكە لەلایەن خێزانە كوردەكانەوە".
بەپرسەكەی یەكێتی هۆشداری توند دەدات لەتێكچوونی دۆخی ئەمنی قەزاكەو راشیدەگەیەنێت: لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین رووداوی تەقینەوەو شەهیدكردن و رفاندنی هاووڵاتیانی كورد لەسنووری قەزاكە ئەنجامدەدرێت و مەترسی چۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن خەڵكەوە سەریهەڵداوە.
هێمن مەنسور باس لەوەشدەكات، ئەگەر ئەو مانگرتنە ئامانجی خۆی نەپێكێت، ئەوە هەنگاوی دووەم بریتییە لەبەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێكی سەرتاسەریی ئاشتیانەو پێدەچێت هەنگاوی سێیەمیش خۆپیشاندانێكی تر دەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز و كاریگەرتر.  

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site