ئافرەتێک لە تەقینەوەی بۆمبێکی چینراو گیانی لەدەستداو براکەشی برینداربوو

سایتی هاوڵاتی:

ئافرەتێک لە تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراودا ئەمڕۆ هەینی گیانی لەدەستداوە و براکەشی برینداربوو، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکەیاندا، لە گوندى محەمەد عەباسی سەر بە خانەقین. تەقینەوەەکە  کاتژمێر ٦ و ٣٠ خولەکی بەیانی بووە کاتێک ئەو خوشک و برایە، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن ویستویانە بە ئۆتۆمبێلەکەیان بڕۆنە سەر زەوییە کشتوکاڵیەکەیان و لە ڕێگەدا بۆمبەکە پێیاندا تەقیوەتەوە. ماوەیەک پێش ئێستا هەمان خێزان دوو کوڕیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە فڕێندراون، تا ئێستاش یەکێک لە کوڕەکانیان چارەنوسی نادیارە .

تەقینەوەی ئەو بۆمبە لەکاتێکدایە کە سێ ڕۆژ لەمەوپێش بە هەمان شێوە، لە گوندى مەردانی سەر بە خانەقین بۆمبێک تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

تەنها لە سێ هەفتەی یەکەمی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە قەزای خانەقین سێ ئافرەت بە هۆی تەقینەوە و پەشێویەوە کوژراون.

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site