Feed not found.
Feed not found.

خانه‌قین و ئه‌ڵوه‌نی ‌

Stran-Abdula_thumb_medium250_0.jpgستران عەبدوڵلا
ساڵی ٢٠٠٣ به‌شێنه‌یی شاری خانه‌قینم بینی. ئه‌ڵوه‌ن و ره‌زو باخی خانه‌قین و گیانی گه‌رمه‌سێری و ئه‌دگاری  گه‌شه‌كردنێكی سروشتی كه‌ به‌عس چنگی ته‌عریب و دواخستنی لێ گیركردبوو. بیستبووم و ئینجا خوێندمه‌وه‌ له‌سییه‌كاندا چی دیارده‌و ده‌سكه‌وتێكی شارستانین پێش زۆر شوێنی تری كوردستان و عیراق له‌خانه‌قیندا هه‌بوون.


له‌هه‌ر كوێ نه‌وت هه‌بێ له‌وێش ئاوه‌دانی و شارستانی و بزاڤێكی كۆمه‌لایه‌تی گه‌شه‌كردوو سه‌ر هه‌ڵده‌دا.  ئینجا ئه‌گه‌ر نه‌وت هی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست بێ ئه‌وا ده‌بێته‌ ئاگرو گڕ له‌جه‌سته‌ی ئاینده‌یان به‌ر ده‌دات. له‌نیعمه‌ته‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌عنه‌ت، له‌نه‌فته‌وه‌  ده‌بێته‌ نه‌فره‌ت، وه‌ك له‌خانه‌قین قه‌وما: ئیتر سامانی ژێر زه‌وی به‌تالان ده‌چێ و سامانی سه‌رزه‌وی كه‌ مرۆڤه‌  سه‌رگه‌ردان و ئاواره‌ ده‌بێت.
خانه‌قین كه‌وته‌ به‌ر تالان و خانه‌قینییه‌كانیش به‌شێكی زۆریان ڕاگوێزران و ئاواره‌ی كوردستانی ڕزگارو په‌رته‌وازه‌ی به‌غداو هه‌نده‌ران بوون، دارو به‌ردی ته‌عریب كراو ره‌زو باخیشی له‌نازی وه‌رزێری كوردستانیی بێبه‌ش بوون. ڕێگای ئاوریشمی جاران بووه‌ ڕێگای دڕك و داڵی دواكه‌وتوویی. تا به‌عس به‌خۆی و ته‌عریب و ته‌رحیلییه‌وه‌ سه‌ری چووه‌ گۆڕی بابییه‌وه‌.
چیرۆكی خانه‌قین تا نیوه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ دڵخۆشه‌: بانمیل و جه‌بار فه‌رمان، ئه‌ڵوه‌ن و خوداداد عه‌لی، زۆرانه‌كه‌یان  له‌عروبه‌ بردۆته‌وه‌، به‌لام نیوه‌كه‌ی تر ماوییه‌تی. هێشتا  فیدراڵیزم ڕام نه‌بووه‌و به‌دڵی خانه‌قینییه‌كان نییه‌، به‌غدا خه‌ریك بوو واقیعه‌كه‌ی كه‌ربه‌لا دووباره‌ بكاته‌وه‌، نهاش  نه‌ لێ ده‌گه‌ڕێ خانه‌قین بێته‌ بان كوردستان و نه‌ خۆشی له‌خه‌می وشكه‌ساڵی و ته‌نیاباڵی پایته‌ختی گه‌رمه‌سێردایه‌. رۆژێك گێچه‌ڵ بۆ گێڕانه‌وه‌ی وافیدینه‌كان ده‌كات، رۆژێكی تریش مه‌زه‌نده‌كات زه‌رقاوی له‌باوه‌ محمود خۆی حه‌شار داوه‌.  ئێستاش كه‌ئه‌ڵوه‌ن بێ ئاوه‌و مێژوویه‌كی چه‌ند سه‌د ساڵه‌ی باخوباخاتی دادیانه‌  له‌ده‌ست جه‌وری دراوسێ، (باخی داد) وه‌ك پایته‌ختی فیدراڵی خۆی نه‌بان كردووه‌و زمانی حاڵیشی زمانی سه‌ربورده‌كه‌ی قورئانه‌ (اژهب انت وربك فقاتلا انا ها هنا قاعدون).
عه‌جه‌ب به‌غدا یان هه‌موو خانه‌قینی ده‌وێ، یان به‌جارێ له‌به‌ر چاوی ده‌كه‌وێ.
ده‌ردی خانه‌قین گرانه‌، به‌ستوونێك تیمار ناكرێ، ئه‌م ده‌رده‌ رۆمانێكی عه‌بدولمه‌جید لوتفی گه‌ره‌كه‌.

له‌ کوردستانی نوێ-وه‌

Articles express the views of the writer and do not necessarily reflect the viewpoint of the Khanaqin site